Dilşad Seyfeddin Ahmed
10 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2015
سلێمانی
لە دوای سەرهەڵدانی گرژی و ئاڵۆزییەكانی قەزای سەیدسادق، لایەنەکانی سیاسی سنوورەكە بزووتنەوەی گۆڕان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، حزبی شیوعی كوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە بارەگەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبوونەوەیەكی بەپەلەیان ئەنجام دا.
دوای كۆبونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیەندراوێكیان بۆ رای گشتیی خوێندەوە، كە ئەوەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
"بەداخەوە دوای چەند دانیشتنێكی یەك لەدوای یەك لە نێوان لایەنەکانی سیاسیدا بۆ چارەسەریی قەیرانی سەرۆكایەتی هەرێم و نەگەیشتنەسازان و رێكکەوتن هەروەها بوونی كۆمەڵێك كێشەو قەیرانی كەڵەكەبووی تر وای كرد نائومێدیەكی زیاتر لە نێو هاووڵاتییانی كوردستاندا دروست ببێت و سەرەنجام بووە هۆی خۆپێشاندان و مانگرتنی هێمنانە لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێمدا بەڵام زۆر بەداخەوە لە هەندێ ناوچەدا سەری كێشا بۆ گرژیی و ئاڵۆزی بەتایبەتی لە شاری برینداری قەڵادزێ و جارێكی تر بریندار كرایەوە ڕووداوەكە چەند شەهید و بریندارێكی لێ كەوتەوە.
ئێمە وك لایەنەکانی سیاسی قەزای سیدسادق داوا لە سەرجەم هاووڵاتیان و خۆپێشاندەران و دەزگەکانی پەیوەندیدار و لایەنی ئەمنی دەكەین كە بە ئەركی هەنووكەیی خۆیان هەستن و هەوڵ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە بدەن و چیتر رێگە نەدەن بارودۆخێكی خراپتر و مەترسیدار بخوڵقێت و زامە ساڕێژنەكراوەكان قووڵتر ببێتەوە. بۆیە داوا دەكەین، بەبێ توندوتیژی خۆپێشاندان و مانگرتن بەڕێوە بچێت چونكە مافێكی سرووشتی هەموو هاووڵاتییەكە پشتیوانی تەواو لە داوا رەواكانیان دەكەین. لایەنی ئەمنی و پەیوەندیدار بە ئەركی خۆیان هەستن و هەوڵی تەواو بدەن بۆ كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكە هەتا كارەساتێكی نەخوازراو روونەدات. داوا لە پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامانیان دەكەین زیاتر دان بەخۆیاندا بگرن و بەتوندوتیژی وەڵامی خۆپێشاندەران نەدەنەوە هەتا بارودۆخەكە ئاڵۆزتر نەبێت. داوا لە سەرجەم راگەیاندنەكان دەكەین پەیامیان هێوركردنەوەی بارودۆخەكە بێت و هەست بە مەترسی بارودۆخەكە بكەن".