Abdullah Abdulmanaf Shukur
11 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر - AA
شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ دەستەی سیاسی رەوتی سەدر کۆبووەوە.
بەپێی ئەو ھەواڵەی لە نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ ١١ی کانوونی یەکەم، قوباد تاڵەبانی و شاندی یاوەری لەگەڵ دەستەی سیاسی رەوتی سەدر کۆبوونەتەوە.
لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی دەستەی سیاسی رەوتی سەدر، نەسار روبەیعی جەختی لەوەکردووەتەوە کە سامانی عێراق ھی ھەموو عێراقییەکانە بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، ھەروەھا پشتیوانی خۆیانی دەربڕیوە بۆ چارەسەرکردنی یاسایی و دەستورییانەی کێشەکان کە لە بەرژەوەندی ھەموواندا بێت و ببێتە ھۆی بەدیھێنانی دادپەروەری.
لەلایەکی دیکەش، جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جەختی لە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا کردووەتەوە و راشیگەیاندووە کە دەبێ چارەسەرێکی دەستووری بۆ پرسە داراییە ھەڵپەسێردراوەکان بدۆزرێتەوە.
قوباد تاڵەبانی ئامادەیی ھەرێمی کوردستانی پیشانداوە بۆ پابەندبوون بە ناوەڕۆکی یاسای پڕکردنەوەی کورتھێنانی دارایی کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرچووە.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا ھەردوولا کۆک بوون لەسەر جێبەجێکردنی ماددەکانی یاسای پڕکردنەوەی کورتھێنانی دارایی لەپێناو چارەسەرکردنی گرفتە داراییەکان.