Abdullah Abdulmanaf Shukur
11 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر - AA
لیژنەی باڵای ئەمنیی لە شاری سلێمانی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەم چەند رۆژەی دوایی دەڤەری سلێمانی و ھەڵەبجە راگهیهنراوێكی بڵاوکردەوە و جهختی لهوهكردهوه، " تێکدانی بارودۆخی ئەمنیی بەگشتیی و بەتایبەت شاری سلێمانی ھێڵی سورە".
ئێوارەی ئەمڕۆ ١١ی کانوونی یەکەم، لیژنهكه لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە راگهیهنراوێكی بڵاوکردەوە، و رایگەیاند: "راگرتنی جووڵەی ژیانی خەڵک و بەردەوامی خۆپیشاندانی بێمۆڵەت باجێکی قورس و سزایەکی توندی یاسایی ھەیە".
لە راگهیهنراوهكهدا ئاماژە بەوەکراوه، "ھێزە ئەمنییەکان پلان و رێکاری نوێ و رێنمایی نوێیان پێدراوە کە بەزووترین کات ئارامی بگەڕێننەوە".
لەبارەی ھەڵمەتی دەستگیرکردن و بەردەوامی خۆپیشاندانە بێمۆڵەتەکان، لێژنەی باڵای ئەمنیی له سلێمانی رایگەیاند: "ھەڵمەتی دەستگیرکردن بەردەوامی دەبێت بۆ ھەموو ئەوانەی کە پێشێلی یاسا دەکەن و رۆڵیان ھەیە لەبەردەوامیدان بەخۆپیشاندانە بێمۆڵەتەکان و ئەوانەی زیان دەگەیەنن بە موڵکی گشتی".
لە رگهیهنراوهكهدا ههروهها ھاتووە: "پێویستە کەناڵەکانی راگەیاندن پابەندبن بە یاسا بەرکارەکان و خۆیان بپارێزن لە ئاڵۆزکردن و شێواندنی بارودۆخەکە و لە روماڵەکانیاندا بەرپرسانەتر مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن، بە پێچەوانەوە رووبەرووی سزای یاسایی و کارگێڕی توند دەبنەوە".
ماوەی ١٠ رۆژە خۆپیشاندان لە ١٥ شار و شارۆچکەی سەر بە پارێزگاکانی ھەڵەبجە، سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین دەستیپێکردووە، پێنج رۆژیشە خۆپیشاندانەکان گرژیی و ئاڵۆزییان بەخۆوە بینیوە و قوربانییان لێکەوتووەتەوە. بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان تائێستا ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە دووانیان سەربە ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستانن و ٥٤ برینداریش لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی تۆمارکراون.