Hamit Hüseyin
21 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2015
ھەولێر
پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی زانا رووستایی، لە بارەی گرژییەكانی ھەرێمی كوردستان و كاریگەری لە سەر كورد لە بەغدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "قووڵبوونەوەی گرژییەكان كاریگەری سلبی ھەبووە بۆ كورد لە بەغدا بۆ نموونە ئێمە بەیاننامەیەكمان لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەركردەوە تەنیا چوار فراكسیون بەشدار بوون و فراكسیونی پێنجەم بەشدار نەبوو و ھەر یەك لە روانگەی خۆیەوە باردۆخەكە بۆ فراكسیونەكانی عەرەب شیدەكاتەوە یان لە كەناڵەكانی راگەیاندنی عەرەبی لە بەرامبەر یەكتری قسە دەكەن و لە ئێستادا یاسای بوودجەی ٢٠١٦ بۆ پەرلەمان هاتووە و ئەگەر بە یەك دەنگ قسەی لەسەر نەكرێت ئەوا زیانی دەبێت".
ئەو پەرلەمانتارە لە بارەی وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەمەش یەكێكی دیكە لەو كێشانەی كە كەوتووەتە نێو پەرلەمانتاران لە بەغدا و ئەمە بە كارێكی باش نازانین و لەوانەیە فراكسیۆنەكانی دیكەی كوردستانی پشتیوانی ئەو داوایەی پارتی نەكەن و تا ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان بە فەرمی ئەو داواییەی نەكردووە".
لە بارەی سەردانی شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا رووستایی گوتی: "بڕیار وایە كە شاندێكی حكوومەتی ھەرێم سەردانی بەغدا بكات بەڵام لە ئێستادا ئەو سەردانە دواكەوتووە ئەوەیش بەھۆی ئەوەی كە پرۆژە یاسای بوودجە لە ئەنجوومەنی وەزیران تێپەڕی دەبوایە پێش تێپەڕاندنی پرۆژەكە سەردان ئەنجام درابایە و لە بارودۆخی ئێستای ھەرێمدا ئەو شاندە لاواز دەبێت كەچی دەبێت نوێنەری ھەموو پێكھاتەكان لە ناوی بێت تا بتوانن بە زمانێكی بەھێزەوە قسە لەگەڵ عەبادی بكرێت".