Dilşad Seyfeddin Ahmed
21 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2015
سلێمانی
بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەحمەد حاجی رەشید لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی وردەكاری پڕۆژە یاسای بوودجەی 2016ی عێراقی ئاشكرا كرد كە پێش چەند رۆژێك لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەند كرا و بڕیارە رەوانەی پەرلەمانی عێراقی بكات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەكە و پەسەندكردنی.
ئەحمەد رەشید لەسەرەتای كۆنگرەكەدا لەبارەی دۆخی دارایی عێراقەوە گوتی: "لە ستراتیجییەتی بوودجەی عێراق پلانێك دانراوە بۆ سێ ساڵی داهاتوو، بەوەی لە ساڵی 2016 رۆژانە سێ ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی دەرەوە بكات، بۆ ساڵی 2017 بڕی 4 ملیۆن بەرمیل نەوت، بۆ ساڵی 2018ش بڕی چوار ملیۆن و 750 هەزار بەرمیل نەوت بەدەست بهێنێت، هەموو ئەوانەش 550 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی كوردستان لەسەر تۆمار كراوە".
ئەو گوتی: "هەژماركردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم لەو پلانەدا بەبێ گەڕانەوە بووە بۆ هەرێم و وەزارەتی سامانەكانی سرووشتی، دوای پرسیاركردنمان لەسەر هۆكارەكەی ئاگاداریان كردین لەوەی وەزارەتی سامانەكانی سروشتی هەرێم خۆیان ئامادەی كۆبوونەوە ستراتیجییەكانی پەیوەست بە بوودجە نەبوون".
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمان لە بارەی نرخی نەوتەوە دوا و گوتی: "پێشتر نرخی یەك بەرمیل نەوت بە 60 دۆلار دانرا بوو، بەڵام كە گەیشتینە نیوەی بوودجە رێككەوتنی وڵاتانی 5+1 ئیمزا كرا و مەترسی هەناردەكردنی نەوتی زیاتر لەلایەن ئێرانەوە كرا بۆیە بە دوو دڵییەوە نرخێكی نوێ دانرا كە 45 دۆلارە بۆ بەرمیلێك".
ئەو ئاماژەی كرد بەوەی، بەپێی ئەو پلانەی دانرا بوو بۆ نرخی یەك بەرمیل نەوت بە 60 دۆلار، عێراق لە 2016 دا 93 ترلیۆن دینار داهاتی هەبێت، هەروەها بۆ 2017 بڕی 103 ترلیۆن دینار و بۆ 2018 بڕی 122 ترلیۆن دینار داهاتی هەبێت، لە دابەزینی هەر دۆلارێكی نرخی نەوتیشدا عێراق یەك ترلیۆن دینار لە بوودجەكەی دێتە خوارەوە.
ئەحمەد حاجی رەشید ئەوەشی گوت: "لە ئێستادا داهاتەكانی عێراق بە 84 ترلیۆن دینار مەزەندە كراوە، كە 69 ترلیۆن دیناری داهاتی نەوتە و بۆ هەر بەرمیلێك 45 دۆلار دانراوە، بەڵام پێشبینی ئەوەش دەكرێت ئەو 84 ترلیۆنەش بەدەست نەیەت كەئەوەیش كێشەكان زیاتر قووڵ دەكاتەوە".
لە پڕۆژە یاسای بوودجەی 2016ی عێراق باس لە هەناردەكردنی سێ ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەكات، بەڵام كۆی هەناردەی رۆژانەی عێراق لە ئێستادا تەنها سێ ملیۆن و 160 هەزار بەرمیلە.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رەخنەی لە بانكی ناوەندی عێراق گرت بەوەی نەیتوانیوە تائێستا سیاسەتێكی دراوی گونجاوی هەبێت، ئەو گوتی: "لەو داهاتی نەوتەی عێراق تائێستا بەدەستی هێناوە و زیاترە لە 500 ملیار دۆلار، 57 لەسەدی ئەو دراوە گەڕاوەتەوە درەوەی عێراق، لە عێراقدا 56 بانك هەیە كە ئەو مامەڵەیەیان هەیە و 50 یان ئەهلین و گەورەترین گومانیان لەسەرە".
هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد، عێراق رۆژانە 150 ملیۆن دۆلاری دەست دەكەوێت، بەڵام رۆژ هەیە دوو هێندە دۆلار دەخاتە بازاڕەوە بەوەش یەدەگی دراوی وڵاتەكەی تەواو لاواز كردووە.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە "یەدەگی دراوی عێراق لە 2013 دا 83 ترلیۆن دینار بووە، بەڵام لە 2014 دا بۆ 77 ترلیۆن دینار و لە 2015دا بۆ 59 ملیار دۆلار دابەزیوەو ئێستاش باس لە 47 ملیار دۆلار دەكرێت، ئەوەش ترسناكترین دۆخە كە عێراق هەنگاوی بۆ دەنێت".
ئەحمەد رەشید لە بەشێكی دیكەی كۆنگرەكەیدا باسی لە ژمارەی فەرمانبەران و ئەو گەندەڵییانە كرد كە وەزارەتەكان لە گرێبەستەكانیاندا ئەنجامیانداوە و كاریگەری گەورەیان لەسەر داهات و بوودجەی وڵاتەكە كردووە.
ـ وەزارەتی پیشەسازی عێراق داهاتی سفرە و ساڵانەش داهاتێكی زۆر بۆ فەرمانبەرانی كۆمپانیاكانی خەرج دەكات كە ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە 138 هەزار فەرمانبەر و مووچەی مانگێكیان 265 ملیار دینارە.
ـ ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق لە كۆی 34 ملیۆن دانیشتوانەكەی گەیشتووەتە چوار ملیۆن فەرمانبەر، ئەوەش قورسایی زۆر گەورەی لەسەر بوودجەی وڵات درووست كردووە.
ـ تائێستا عێراق نەیتوانیوە باجی سەر كۆمپانیاكانی نەوت كۆبكاتەوە كە دەكاتە 35 لەسەد، بەپێی گرێبەستەكانیش كۆمپانیاكان لەدەرهێنانی یەك بەرمیل نەوتدا 90 تا 120 سەنت وەردەگرن.
ـ وەزارەتی كارەبا تائێستا 27 ملیار دۆلاری بۆ باشتركردنی كارەبا خەرج كردووە، بەڵام تائێستا كارەبای عێراق هێندەی چارەكێكی كارەبای هەرێم نییە و گەندەڵی گەورە لەو خەرجیانەدا كراوە.
ـ تێچووی یەك بەرمیل نەوتی عێراق دوو تا هەشت دۆلارە، لە كێڵكەگانی هەرێمی كوردستان ئەو تێچوونە دەگاتە 1,60 دۆلار تا 12 دۆلار.
ـ عێراق رۆژانە پێویستی بە 400 هەزار تۆن گەنم و 100 هەزار تۆن برنج و 70 هەزار تۆن شەكر هەیە، بەڵام لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی تەنها سێ هەزار تۆن گەنمی هەیە.
ـ گەندەڵی گرێبەستەكانی سەربازی هێندە گەورەیە، بە نموونە دەبابەیەك بە 19,5 ملیۆن دۆلار كڕدراوە، بەڵام وڵاتانی دیكە بە سێ تا چوار ملیۆن دۆلار كڕیویانە.هەروەها ئامێرێكی ئاشكراكردنی تەقینەوەكان بۆ بازگەكان بە 45 هەزار دۆلار كڕدراوە لەكاتێكدا هەمان ئامێر لە كۆمپانیاكە بە هەزار و 200 دۆلارە.
ـ لە سەرەتاوە تا ئێستا 12 ملیار دۆلار رادەستی ئەمریكا كراوە لە بەرنامەی FMS بۆ كڕینی فرۆكە و كەلوپەلی سەربازی، بەڵام تائێستا تەنها بایی چوار ملیار دۆلار گەیشتووەتە دەست عێراق.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەش كرد، لە جەنگی داعشدا لە هەندێك ناوچە 50 لەسەدی كەلوپەلی سەربازی عێراقی كەوتووەتە دەست داعش، لەوانەش هەزار ئۆتۆمبێلی گوللە نەبڕ(درع) و 75 هەزار پارچە چەكی سووك و پێنج هەزار چەكی بی كەی سی.
ئەحمەد رەشید لە بەشێكی دیكەی كۆنگرەكەیدا لە بارەی قەرزەكانی عێراقەوە دوا و گوتی: "كۆی گشتی قەرزەكانی سەر عێراق دەگاتە 81 ملیار دۆلار كە قەرزی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی یانەی پاریس و وڵاتانی دیكەیە و ئەو وڵاتانە بەمەرج لە بەشێك لەو قەرزانە خۆش بوون.عێراق 12 یەمین وڵاتی جیهانە لە رووی خراپی قەرزەوە ، بۆیە وڵاتان و بانكەكانی جیهان ئامادە نین قەرز بە عێراق بدەن، پێش ماوەیەك وەزیرانی دارایی و نەوت سەردانی زۆرێك لە بانكەكانی جیهانییان كرد و داوای پێنج ملیار دۆلار قەرزیان كردبوو، دوای هەوڵێكی زۆر تەنها لەسەر یەك ملیار و 500 هەزار دۆلار رێكەوتبوون، بەڵام بەهۆی قورسی مەرجەكانەوە حكوومەتی عێراقی ئەو قەرزەی رەتی كردەوە".
ئەو پەرلەمانتارە كوردەی پەرلەمانی عێراق باسی لە پشكی هەرێم لە بوودجەی 2016ی عێراق كرد و گوتی: "لە بوودجەكەدا 17 لەسەدی پشكی هەرێم جێگیركراوە، بەڵام بە كۆمەڵێك مەرجەوە لەوانەش رادەستكردنی 550 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە كۆمپانیای سۆمۆ و رادەستكردنی داهاتەكانی نێوخۆیی، بەپێچەوانەوە لایەنی بەرامبەر مافی هەڵوەشانەوەی بڕیارەكەی هەیە.
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، لە بوودجەدا بڕی یەك ترلیۆن و 121 ملیار دینار بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی تەرخانكراوە، بەڵام ئەو پشكەی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە تەرخانكراوە بە دە مانگەوە ناگاتە 500 ملیار دینار و تەنها 37 ملیارە.