بەرلین
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا فرانک واڵتەر شتاینمایەر لهبارهی هاوكاریكردنی كورد له شهڕی دژی چهكدارانی داعش بۆ کەناڵی ZDF ئەڵمانی گوتی: "بۆ ئەوەی لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش کورد بتوانێ بەرگری لە خۆی بکا، ئەڵمانیا ھەموو دەرگاکانی بۆ گەیاندنی ھاوکاری بۆ کورد کردۆتەوە و پێویستە بە باشی گوێ لە کورد بگرین و بزانین پێداویستییەکانی چین و دابینیان بکەین."
شتاینمایەر جەختی لەوەش کردەوە کە "پێویستە بە وردی بزانین کورد لە بەرامبەر داعشدا پێویستی بە چی ھەیە و پێویستە بۆ ئەوەی کورد بتوانێ بەرگری لە خۆی بکا ھەر جۆرە ئیماکانیاتێک پێشکەشی کورد بکەین."
شتاینمایەر باسی لهوه کرد کە ھیچ گاڕانتییەک نییە بۆ ئەوەی ئەو چەک و تەقەمەنییانەی دەدرێنە کورد نەکەونە دەستی کەسانی ناشیاو، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین ھاوکاری کورد بکەین پێویستە ئەو جۆرە ئەگەرانەش رەچاو بکەین. لە سیاسەتی دەرەوە جارجار پێویستە سەرەڕای ناکۆکییەکان بژاردەیەک ھەڵبژێرین، بەڵام ئەنجامدانی کەمتەرخەمیش جۆرێکه له تاوان.
شتاینمایەر لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە بە ھیچ شێوەیەک ئەڵمانیا سەرباز بۆ عێراق بەڕێ ناکا و بڕیاره ئەم حەفتەیە لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگیلا مێرکڵ و وەزیری بەرگری ئورساڵا فۆن دەیا لاین بۆ گفتوگۆکردن لەو بارەوە کۆ ببینەوە.
حەفتەی رابردوو ئەڵمانیا نزیکەی ٣٦ تەن ھاوکاری بۆ ئاوارەکان روانەی کوردستان کردبوو و چاوەڕوان دەکرێ حەفتەی داھاتوویش کاروانێک ھاوکاری سەربازی روانەی کوردستان بکا.