Haydar Karaalp,Muhammet Ali Kemal
03 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2018
بەغدا - AA
لە دوای هەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاری رابردوو، یەکەمین دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو.
گوتاری کردنەوەی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە لایەن سەرکۆمار، فوئاد مەعسوم-ەوە پێشکەشکرا. لە گوتارەکەیدا مەعسوم جەختی لە پێویستیی هاریکاریی و رێزگرتن لە نێوان هەرسێ دەسەڵاتی، یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەرییدا کردەوە و ئاماژەی بەوەکرد چاوەڕێن پەرلەمانی نوێ کاری چڕ سەبارەت بە خزمەتکردنی گەل بکات.
لای خۆشییەوە سەرۆکوەزیران، حەیدەر عەبادی لە گوتارێکدا بەپێویستی زانی ئەو حکوومەتە نوێیەی دادەمەزرێت، هەوڵی جددیی لە دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ دانیشتوان بدات و گوتی: "قۆناغی داهاتوو دەبێتە قۆناغی جێبەجێکردنی ریفۆرمی ئابووریی و ئەمنیی".
عەبادی هەروەها گوتی: "کاتێک حکوومەتمان گرتەدەست، سوپا و هێزەکانی پۆلیس لە چەند ناوچەیەک داڕمابوون"، بەڵام حکوومەتی نوێ دەسەڵاتی دەوڵەتێکی "یەکپارچە" و بەهێز دەگرێتە دەست.
هەروەها گوتی: "خوازیاری ئەوەین لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ناوچەکە و جیهاندا پەرە بە پەیوەندیی هاوسەنگ بدەین لەسەر بنەمای رێزگرتن لەسەروەریی یەکتر. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، پشتیوانییمان دەکات لە دووبارە بنیاتنانەوە. بانگەوازی ئەوە لە سەرجەم گرووپە سیاسییەکان دەکەم کە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی هاووڵاتییان لە شارەکان بدەن".
هاوکات سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەلیم جبوری ئاماژەی بەوەکرد سەرەڕای بوونی هەندێک ئاستەنگ لەسەر رێیاندا، بەڵام ژمارەیەک یاسای گرنگیان دەرکردووە و داوای لە گرووپە سیاسییەکان کرد بە هۆی کەموکوڕییەکانیانەوە داوای لێبوردن لە گەل بکەن.
لە دانیشتنی کردنەوەی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا ژمارەیەک لە نوێنەرانی وڵاتانی بیانی کە نوێنەرایەتییان لەبەغدا هەیە، ئامادەبوون.