Hemn Baban
10 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2018
ھەولێر - AA
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەنجام و راسپاردەکانی لێژنەی باڵای پێکھێنراو لە لایەن ئەنجوومەنەکەوە تایبەت بەئەنجامی ھەڵبژاردنەکان پەسەندکرد.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەنجام و راسپاردەکانی لێژنەی باڵای پێکھێنراو بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی ژمارە ١٩٨ بۆ ساڵی ٢٠١٨ کە بۆ وردبینی و بەدواداچوونی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن پێکھێنرابوو پەسەند کرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار درا بە ھەژمارکردنەوەی بەدەستیی رێژەیەک کە لە پێنج لەسەدی سەرجەم بنکەکانی دەنگدان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ئەنجام بدرێت بە مەبەستی وردبینی، ھەروەھا بڕیاریشی دا بە ھەڵوەشانەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی دەرەوە و ئاوارەکان بە ھۆی سەلماندن و دەرکەوتنی ساختەکارییەکی زۆر و بە ئەنقسەت تیایدا لەگەڵ رێگەخۆشکردن بۆ ئەو ئاسانکارییە بەپێی راسپاردەکانی لێژنەکە.
لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا ئەوەش ھاتووە کە "دەزگای ھەواڵگریی عێراق و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەزگا ھەواڵگرییەکانی دیکەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ ھەڵبستن بە دەستگیرکردنی ئەوانەی یارییان بە ئەنجامەکان کردووە و رێوشوێنی یاسایی پێویست لەدژییان و بەپێی یاسا بگرنە بەر".
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەدرێژەدا باس لەوە دەکات کە "داوا لە داواکاری گشتی بکرێت کە جوڵانەوەی سکاڵای یاسایی پشتبەستن بەوەی لە راپۆرتی لێژنەکەدا ھاتووە و رەوانەکردنی راپۆرتی ئاماژەبۆکراو بۆ دەستەی دەستپاکی بۆ وردبینی کردن تیایدا و گرتنەبەری رێوشوێنی توند، ھەروەھا رەوانەکردنی راپۆرتەکە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ گرتنە بەری ئەوەی پێویستە لە رێوشوێنەکان و بەپێی بڕگەی دووەمی ئەو راسپاردانە".
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەدا و وەکو رێوشوێنێکی پێشوەختە و بە ھۆی ئەوەی لەم راپۆرتەدا ھاتووە لە پرسی مەترسیدار کە پێویست دەکات بەرپرسانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان تیایدا ئامادەببن ئەوانەی لە پلەی جێگری بەڕێوەبەر و تا سەرەوە ھەیە، بۆیە بڕیار درا بۆ گەشتکردنیان بۆ دەرەوەی عێراق پێشتر رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەربگرن.