بەغدا
بە پێی راگەیاندراوێكی نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆكوەزیرانی عێراق كە دانەیەكی ئاژانسی ئانادۆڵو وەریگرتووە، ئەمڕۆ سەرۆكوەزیران حەیدەر عەبادی لەسەر داوای شای ئوردن شاعەبدوڵای دووەم، بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێكەوت.
لە راگەیاندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە، لەكاتی گەیشتنی بۆ ئوردن، عەبادی راستەوخۆ دەچێتە كۆشكی شا و لەوێ لەگەڵ شاعەبدوڵا كۆدەبێتەوە و چەند دۆسیەكی گرنگیش قسەی لەسەر دەكەن، لەوانەش دۆسێی ئەمنی و سیاسی و ئابووری و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوو وڵاتیش تەوەرێكی دیكەی قسەكانی نێوان عەبادی و شاعەبدوڵا دەبێت.
بەپێی زانیارییەكانی ناو راگەیاندراوەكەدا، سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ ئوردن یەك رۆژ دەخایەنێت.
پێشتریش لە سەردانەكەی بۆ نیۆیۆرك، سەرۆكوەزیران حەیدەر عەبادی لەوێ چاوی بە شای ئوردن شاعەبدوڵا كەوت و دواتر شای ئوردن داواتنامەیەكی رەسمی ئاراستەی عەبادی كرد بۆ ئەوەی سەردانی وڵاتەكەی بكات.