hamza mansur
22 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 22 حوزەیران 2016
بەغدا ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی دووپاتی كردەوە، لەم ساڵدا شاری مووسڵ كە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە كەوتووەتە بندەستی تیرۆریستانی داعش رزگار دەكاتەوە و ئاشكرایشی كرد، كە بانگەوازی رزگاربوونمان لە ژێردەستیی تیرۆریستانی داعش لەلایەن دانیشتووانی مووسڵەوە پێ گەیشتووە.
لە پەڕاوێزی ساڵیادی جەنگی بەدر، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتەیەكدا كە كەناڵی تەلەڤزیۆنی نیمچە فەرمی "عێراقییە" بڵاوی كردەوە رایگەیاند، لەم ساڵدا شاری مووسڵ رزگار دەكرێتەوە و دانیشتووانی شارەكەش، داوایان كردووە هەرچی زووە لە ژێردەستیی تیرۆریستانی داعش رزگار بكرێن.
سەرۆكوەزیرانی عێراق دەشڵێت، ئێستا هەلی یەكگرتنەوە و یەكخستنی ریزەكان و هاوكاریكردن و لەناوبردنی تایفگەرییە لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق و ئەو سەركەوتنەش كە لە فەللوجە بەدی هات بۆ هەموو عێراقییەكانە كە لە شەڕەكاندا بەشدار بوون.
حەیدەر عەبادی ئاماژەی بەوەش دا، لە ئێستادا هەوڵەكان چڕ بوونەتەوە تا خێزانە ئاوارەكان بگەڕێندرێنەوە ناوچە رزگاركراوەكان.
ئەم گوتەیەی عەبادی دوای ئەوە دێت، هەفتەی رابردوو، وەزارەتی بەرگری عێراق، دەستپێكردنی دووەم قۆناغی ئۆپەڕاسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵی راگەیاند كە لە كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكانی باكووری سەڵاحەدین بەرەو ناوچەكانی باشووری مووسڵ دەستی پێكرد.