هه‌ولێر - AA
فه‌لاح مسته‌فا ده‌ڵێت "عێراق ده‌یه‌وێت بمانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سنووره‌كانی پێش ساڵی 1991 و داوا ده‌كات كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی شه‌ڕی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان رابگرێت".
به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، فەلاح مستەفا سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتان بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن گوتی: "بێگومان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی له ماوه‌ی رابردوودا دروستی كردووه درێژه‌ی پێبدات، مانه‌وه‌ی كونسوڵگه‌رییه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كانی رۆژانه‌مان هه‌روه‌كو خۆیه‌تی، بۆیه هه‌وڵیش ده‌ده‌ین ئه‌و لێكتێنهگهیشتنهی پێشتر هه‌بوو چیتر نه‌مێنێت، بۆیه كونسوڵگه‌ریی گشتی توركیا هاوشان له‌گه‌ڵ هه‌موو كونسوڵگهرییهكانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان له په‌یوه‌ندیی رۆژانه‌ین له‌گه‌ڵیاندا".
سه‌باره‌ت به نه‌هاتنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، رێكس تیله‌رسن بۆ هه‌رێمی كوردستان پاش ئه‌وه‌ی به‌سه‌ردانێك دوێنێ دووشه‌ممه گه‌یشته به‌غدا و سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی نه‌كرد گوایه ئه‌مریكا به‌رژه‌وه‌ندیی له‌گه‌ڵ كورد نه‌ماوه، فه‌لاح مسته‌فا له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا كه ئه‌مڕۆ له هۆتێل رۆتانا له په‌راوێزی به‌شدارییکردنی له كۆنفڕانسێكی تایبه‌ت به ئافره‌تان و ئاسایش و ئاشتی ئاماده‌بوو گوتی: "نه‌خێر به‌و شێوه‌یه نییه، ناكرێت ئه‌و پێشبینیانه بكه‌ین و ئه‌و ترس و نیگه‌رانییانه بخه‌ینه دڵی خه‌ڵكه‌وه، جاری وا هه‌یه ماوه‌ی سه‌ردانه‌كه دوو سێ تا چوار سه‌عاته، ئه‌وه‌ش به هۆكاری ئه‌وه‌یه ئه‌مریكا به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵ ده‌دات په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق وه‌كو ده‌وڵه‌تێك ئاسایی بێت له‌گه‌ڵ ده‌ورووبه‌ری خۆی، بۆیه ئه‌وان مه‌به‌ستییان ئه‌وه‌یه عێراق بهێننه‌وه نێو ژینگه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی، له‌گه‌ڵ سعوودیه، میسر، ئوردن و ئه‌وانی تر، ئه‌وانیش مه‌به‌ستی خۆیان له‌و مه‌سه‌له‌یه هه‌یه دیاره به‌ڵگه‌ی ته‌واویان هه‌یه ئێران زۆر كاریگه‌ره و ده‌یانه‌وێت عێراق بگه‌ڕێننه‌وه بۆ نێو ژینگه عه‌ره‌بییه‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر نا نوێنه‌رایه‌تی ئێمه له واشنتۆن له په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وامدایه له‌گه‌ڵ داموده‌زگاكانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ كۆشكی سپی، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، وه‌زاره‌تی به‌رگری، كۆنگرێس".
له‌باره‌ی هێرشه‌كانی سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان كه له 16ی ئەم مانگە ده‌ستی پێكرد و زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان له‌ژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمه‌رگه ده‌رهێنراون، ناوبراو رایگه‌یاند "بێگومان زۆر باس له‌وه‌ده‌كرێت ئه‌و هێرشه ده‌رئه‌نجامی ریفراندۆم بوو یان نا، به‌ڵام ئێمه له هه‌موو كۆبوونه‌وه و لێدوانه‌كانماندا باسمان له‌وه‌كردبوو و به ئاشكرا ده‌مانگوت ئایندهی ئێمه رووبه‌ڕووبونه‌وه‌یه، چونكه ئه‌و شێوازه‌ی كه حه‌شدی شه‌عبی پێی دامه‌زراوه و ئه‌و ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی دیار بوو كه حه‌شدی شه‌عبی كێشه‌یه‌كی تهوقیتكراوبوو بۆ ئاینده، به‌ڵام ئه‌وه روویدا، ئه‌وان پێشبینی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد، ئێمه‌ش پێشبینی ئه‌وه‌مان نه‌ده‌كرد كه له عێراقی ئێستا كه عێراقێك فیدڕاڵی، دیموكراسی، فره‌یی بێت و ئێمه له‌گه‌ڵیاندا ده‌ستوورمان نووسیبێته‌وه پێشبینی ئه‌وه‌مان نه‌ده‌كرد. له ده‌ستووری عێراقدا به تایبه‌ت هاتووه كه نابێت هێزی چه‌كدار بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه سیاسییه‌كان به‌كاربهێنرێت، بۆیه بارودۆخێكی نه‌خوازراو هاتووه‌ته پێشه‌وه، داوای ئێمه له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ن بۆ راگرتنی شه‌ڕو پێشڕه‌وییه‌كانی سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی، هه‌روه‌ها بۆ ده‌ستپێكردنی دیالۆگی بێ مه‌رج، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور مافه ده‌ستورییه‌كانی خۆمان بپارێزێن، ئه‌و ناوچانه‌ش بپارێزین، ئه‌و به‌یاننامه‌ی له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌رچووه زۆر روونه كه ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر به‌غدا بیه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی خۆی له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان بسه‌پێنێت مانای یه‌كلاییكردنه‌وه نییه، چونكه كاتێك ئێمه‌ش له‌و ناوچانه ده‌سه‌ڵاتمان هه‌بوو به ته‌واوه‌تی ده‌مانگوت له‌گه‌ڵ دیالۆگین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه گوایه پێش ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ رێككه‌وتن له نێوان لایه‌نه‌كاندا و هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌دیاریكراوی كراوه بۆ ئه‌وه‌ی دوای رزگاركردنی مووسڵ پێشمه‌رگه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناوچه‌كانی پێشتر، فه‌لاح مسته‌فا بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن گوتی: "به‌ڵێ بێگومان پێشێلكارییه‌كی زۆر له لایه‌ن عێراقه‌وه كرا، چونكه ئه‌و رێككه‌وتننامه‌ی كه ئیمزاكرابوو ئه‌وه‌بوو پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه ده‌كشێته‌وه كه له‌چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی ئازاكردنی مووسڵ ده‌چێته ناوی، ئه‌وه‌ش به هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ عێراق دوای به‌رقه‌راركردنی ئاسایش له‌و ناوچانه، ئه‌وه پێشێلكرا، دواتر باس له‌وه‌ده‌كرا پێشمه‌رگه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ناوچه‌كانی پێش 9ی حوزه‌یرانی ساڵی 2014 ئه‌ویش پێشێلكرا، ئێستا بۆ ناوچه‌كانی سنووری ئه‌وكاتی هێزه‌كانی رووبه‌رووبونه‌وه له‌گه‌ڵ رژێمی سه‌دام حوسێن ئه‌وه‌ش پێشێلكرا، ئێستا ده‌یانه‌وێت بمانگه‌ڕێننه‌وه بۆ پێش ساڵی 1991، بۆیه نیازه‌كان زۆر گڵاون، نیازه‌كان باش نیین، نه باسی ده‌ستوور ده‌كرێت و نه مه‌سه‌له‌ی هاوبه‌شییه، ئه‌گه‌ر بتوانن ده‌مانبه‌نه‌وه بۆ سنووره‌كانی پێش ساڵی 1991یش، بۆیه ئێمه داوا له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌ندامانی هه‌میشه‌یی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ده‌كه‌ین كه ئێستا له گفتوگۆ و په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وامین له‌گه‌ڵیاندا بۆ ئه‌وه‌ی به‌جیددی بێنه پێش، چونكه هه‌رێمی كوردستان نه تاوانی ئه‌نجامدا و نه یاسای پێشێل كردووە، ئه‌وه‌ی كردی مافێكی دیموكراسی جێبه‌جێ كرد و به ئاشتییانه ئه‌نجامیدا، ئه‌وكاته‌ش واته پێش ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆمیش گوتمان ئاماده‌ی گفتوگۆ و دیالۆگین به بێ مه‌رج ئاماده‌ین پرسه‌كان یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه دیاره به‌غدا سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه به هێزی سه‌ربازی یه‌كلایی بكاته‌وه".
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت بڵاوبووه‌ته‌وه گوایه ئوردن ویستوویه‌تی دیدارێك له نێوان هه‌ریه‌ك له سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سعود بارزانی و سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، حه‌یده‌ر عه‌بادی رێكبخات و دیداره‌كه‌ش نافه‌رمی بێت، به‌ڵام عه‌بادی ره‌تی كردووه‌ته‌وه، له‌سه‌ر ئه‌م هه‌واڵه فه‌لاح مسته‌فا رایگه‌یاند "بارزانی داوای دیداری له‌گه‌ڵ كه‌س نه‌كردووه و كه‌سیش ره‌تی نه‌كردووه‌ته‌وه، ئه‌و بارودۆخه تازه‌یه‌ی هاتووه‌ته پێش وا ده‌خوازێت ئێمه راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا بچینه گفتوگۆوه".
له وه‌ڵامی پرسیارێكی ئاژانسی ئانادۆڵوش له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا كورد یان هه‌رێمی كوردستان له ئه‌مریكا نیگه‌رانه، فه‌لاح مسته‌فا گوتی: "كاتێك جیاوازی بیروبۆچوونمان له‌گه‌ڵ وڵاتێك هه‌بێت مانای ئه‌وه نییه كه په‌یوه‌ندییه‌كانمان ببڕین یان بكه‌وینه شه‌ڕ، ئێمه ده‌مانه‌وێت واقیع بینانه سه‌یری بكه‌ن، ئه‌و وڵاتانه به‌رژه‌وه‌ندییان له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، هه‌رێمی كوردستان به‌شدار و هێزێكی سه‌ره‌كی شه‌ڕی دژ به تیرۆر بوو، هه‌رێمی كوردستان ده‌رگای به رووی په‌نابه‌ران و ئاواره‌كان كرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان مافی پێكهاته ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی پاراست، هه‌رێمی كوردستان ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتووه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت وڵاتانی دونیا ئومێدیان به ئایندهی كوردستانه، به داخه‌وه ئه‌وه‌ی نه‌ده‌بوو روویدابا روویدا، نه‌مانده‌ویست له عێراقی تازه پێشمه‌رگه خوێنی بڕژێت و له‌به‌رامبه‌ر حه‌شدی شه‌عبی قوربانی بدات، به‌ڵام ئه‌وه روویدا، بۆیه ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه ئێستا شه‌ڕ رابگیرێت و دیالۆگ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور ده‌ستپێبكرێت بۆ ئه‌وه‌ی پرسه‌كان یه‌كلایی بكرێته‌وه".
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستانیش له‌باره‌ی بارودۆخی نوێوه گوتی: " له په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وامیین چی له‌گه‌ڵ به‌غدا بێت یان له‌گه‌ڵ پایتهخهكانی دونیا و هه‌رخودی هاتنی تیله‌رسن و هه‌وڵه‌كانی باڵیۆزان و كونسوڵه‌كان هه‌وڵن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان".
news_share_descriptionsubscription_contact

