Dlshad Saifaalddin Ahmed
24 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
دوای كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، سەرۆكی ئەنجوومەنەكە، ئازاد محەمەدئەمین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی خوێندەوە و گوتی: "كۆبوونەوەكە راستەوخۆ پەیوەستە بە بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی و سنوورەكەوە، ئێمە روونكردنەوەی خۆمان داوە پێشتر لەسەر شێوازی دروستبوونی دۆخەكە و كاریگەری غیابی مام جەلال (سەركۆماری پێشووی عێراق) لەسەر دۆخەكە دیارە".
ئازاد محەمەدئەمین گوتی: "بەداخەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پێی ئەو پلان و بەرنامانەی هەیبوو كە پلان و بەرنامەكەی بە شێوەیەك بوو كە بە هیچ شێوەیەك ژیان و خۆشگوزەرانی و بژێوی بۆ هاووڵاتییانی هەرێم تێدا نەبوو، جگە لەوەش نەیان توانی ئاو و كارەبا و سووتەمەنی و مووچە و مافەكانی خۆیانیان پێبدەن، بەداخەوە تووشی دۆخێكیان كردووین كە ئێستا هەرچی دەكەین لێی دەرناچین، بۆیە ئەمڕۆ لەم كۆبوونەوەیەمان لەگەڵ روونكردنەوەكاندا داوامان كردووە كە ناكرێت ئەوانەی رابردوو هیچ قسەی لەسەر نەكرێت، بەڵام ئەوەی زۆر پێویستە ئەوەی لە رابردوو ریداوە بیكەین بە وانە و بەرنامەیەك تا لە ئێستا و داهاتوو كاری باشتر و خزمەتی باشتری پێبكەین".
ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا داواكارییەكی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە كردووە و داوا دەكات بە پێی دەستوور و لە ماوەیەكی نزیكدا دەست بە گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەغدا بكەنەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان، هەروەها داواش دەكەن لە ماوەیەكی كەمدا مووچەی مووچەخۆران و بوودجەی پارێزگای سلێمانی دابین بكات بە پێچەوانەوە ئەوكات پەنا بۆ دەستوور و رێكارە یاساییەكانی تر دەبەن لەوانەش پەنابردن بۆ بەغدا، بۆ ئەو مەبەستەش 15 رۆژ وادەیان دیاری كردووە بۆ وەڵامدانەوەیان، داواش لە حكوومەتی ناوەندی كراوە بڕی نەوتی سپی بۆ شاری سلێمانی دابین بكات.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی گوت "دەمانەوێت بە هەماهەنگی پارێزگاری سلێمانی موفاتەحەی كۆماری ئیسلامی ئێران بكەین و داوا بكەین كە دەروازە سنوورییەكانی باشماخ و پەروێزخان بكەنەوە كە دوای كردنەوەی داهاتەكەی بۆ حكوومەتی ناوەندی دەگەڕێتەوە، ئەوكات دەستكراوە دەبین وەك ئەنجوومەن و بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانمان بۆ دەگەڕێتەوە".
ئازاد محەمەدئەمین ئاماژەی بەوەش كرد، وەك ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هەر رێوشوێن و رێكارێك پێویست بێت بۆ خزمەتی دانیشتوانی شارەكە دەیگرنە بەر.