Zana Natık Kerem
16 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن داوای لە ئەڵمانیا كرد كە لە پاڵپشتیكردنی عێراق لە بواری ئەمنییدا، بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە فوئاد حوسێن پێشوازی لە سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، نۆربێت روتگن كردووە و بە دووقۆڵیی پێشهاتەكانی ئەمنی و سیاسیی ناوچەكەیان تاوتوێ كردووە، هەروەها سەبارەت بە هاوكارییەكانی نێوان عێراق و ئەڵمانیا بە تایبەتیش لە بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، گفتوگۆیان كردووە.
بەپێی راگەیەندراوەكە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن جەختی لەسەر گرنگی رۆڵی ئەڵمانیا لە بەرەنگاربوونەوەی داعش كردووەتەوە و لەوبارەیەوە داوای لە ئەڵمانیا كردووە كە لەڕێگەی هەواڵگریی، مەشقپێكردن و پڕچەككردنی هێزە ئەمنییەكان لە پاڵپشتیكردنی عێراق بەردەوام بێت.
باس لەوەشكراوە كە هەردوولا باسیان لەو هەوڵانە كردووە كە بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) خراونەتەگەڕ و لەوبارەیەوە سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، نۆربێت روتگن ئاماژەی بەوە داوە كە عێراق دەتوانێت لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێدا، سوود لە ئەزموونی تەندروستیی ئەڵمانیا وەربگرێت.
لە بەیاننامەكەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو كە فوئاد حوسێن ئاماژەی بە ئامادەكارییەكانی حكوومەتی عێراق بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە داوە و داوای كردووە كە ئەڵمانیا نووسینگەی كۆنسولگەریی خۆی لە پارێزگای بەسرە باشووری عێراق بكاتەوە و لای خۆیەوە نۆربێت روتگن رایگەیاند كە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا لە میانی پاڵپشتیكردن لە هەوڵەكانی حكوومەت كار لەسەر ئەو پرسە دەكەن.
راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەروەها ئاماژەی بەوە داوە كە فوئاد حوسێن لە دیدارەكەدا جەختیكردووەتەوە لەسەر گرنگی رۆڵی ئەڵمانیا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق.