Sarmand Hameed
17 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2020
عێراق - AA
ژمارەیەک چەکداری نەناسراو چالاکوانێکی خۆپیشاندانەکانیان لە پارێزگای بابل باشووری عێراق، کوشت.
ئەفسەرێک بە پلەی نەقیب لە پۆلیسی بابل رایگەیاند، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو دەستڕێژی گوللـەیان لە چالاکوانی مەدەنی، ئەحمەد سەعدون لە نزیک ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی ئەندازیاران ناوەڕاستی شاری حلە ناوەندی پارێزگای بابل، کرد.
ئەفسەرەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، لەدوای دەستێڕێژی چەکدارەکان، دەستبەجێ سەعدون لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستدا.
بە گوتەی سەرچاوەکە، لایەنە ئەمنییەکان لەبارەی رووداوەکە دەستیان بە لیکۆڵینەوە کردووە.
لە لای خۆیەوە، چالاکوانی خۆپیشاندانەکان، عەبدولسەلام مازن رایگەیاند، ئەحمەد سەعدون یەکێک بوو لەوانەی بەردەوام بەشداریی لە گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکانی دژ بە گەندەڵکارانی دەکرد.
مازن گوتیشی: "هەموو لایەک دەزانن کە باڵی چەکداریی حزبە گەندەڵەکان بەبێ هیچ لێپیچینەوەیەک چالاکوانەکان دەکوژن".
بە گوتەی ئەو چالاکوانە، ئەوان بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان تاوەکو گەندەڵکاران لەدەسەڵات لادەبەن و رادەستی دادپەروەریی دەکرێن.
ئەم رووداوە دوای نزیکەی هەفتەیەک دێت لە کوژرانی دوو رۆژنامەنووس لە پارێزگای بەسڕە کە لە لایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە کوژران.
چالاکوانان، گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بەوە تۆمەتباردەکەن کە لە پشت ئەنجامدانی ئەو کارانهوه بن، لە بەرامبەریشدا ئەو گرووپانە ئەو تۆمهتانە رەتدەکەنەوە.
تا ئێستا چەندین جار حکوومەت بەڵێنی داوە بەدوای ئەنجامدەرانی کوشتن و رفاندن و ئازاردانی رۆژنامەنووس و چالاکوانانی خۆپیشاندانەکانەوە بێت و دەستگیریان بکات، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێک لەمبارەیەوە رانەگەیەنراوە.
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانهوه لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە له سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، ٥٠٢ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٧ هەزار كهسی دیکە لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.