Sarmand Hameed
29 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2017
هەولێر - AA
ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لە دیدارەکەدا دواپەرەسەندنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە خرانە بەرباس و، هەردوولا هاوڕا بوون کە سەرجەم کێشەکان بە ڕێگەی ئاشتییانە و گفتوگۆ چارەسەر بکرێن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرکۆماری عێراق باسی هەوڵەکانی خۆی بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرد، بە جۆرێک کە دەستوور وەک چەترێک وابێت بۆ پاراستنی بوون و کەرامەتی سەرجەم پێکهاتەکان بە بێ جیاوازی.
لە بەرانبەردا مەسعود بارزانی جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە گفتوگۆ و دانوستانێکی هاوسەنگ و بێ مەرج هەبێت و دوور بێت لە زمانی خۆسەپاندن. هەروەها بارزانی بە سەرکۆماری عێراقی ڕاگەیاندووە، کە پێویستە حکوومەتی عێراق دەست لە زمانی خۆسەپاندن و ئەو کردەوە ناڕەوایانە هەڵبگرێت کە لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بەرانبەر گەلی کوردستان پیادە دەکرێت، بە تایبەت ئەو جینۆسایدەی لە خورماتوو ڕوودەدات بەپەلە ڕابگیرێت ئەوە بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت و لێی بێدەنگ نابین.
هەروەها بارزانی تەئکیدیشی کردەتەوە، کە خۆسەپاندن لە ڕێگەی هێز و سەپاندنی ئەمری واقعەوە سەرناگرێت و ئەم دۆخەش بەردەوام نابێت.