Sarmand Hameed
29 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2020
هەولێر - AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی بە جیا لەگەڵ ھەر یەکە لە سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، نوری مالیکی و سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، حەیدەر عەبادی کۆبوویەوە و لەبارەی چارەسەری گشتگیر و ھەمیشەیی کێشەکانی ھەولێر و بەغدا گفتوگۆیان کرد.
قوباد تاڵەبانی کە بە سەرۆکایەتی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدایە، بە جیا سەردانی ھەریەک لە سەرۆکوەزیرانی پێشووتر و ئەمینداری گشتیی حیزبی دەعوە، نوری مالیکی و سەرۆکوەزیرانی پێشوو و سەرۆکی ھاوپەیمانێتی نەسر، حەیدەر عەبادی کرد و لەبارەی کێشەکانی بەغدا و ھەولێر و چارەسەری یاسایی و گشتگیری گرفتەکان بیروڕایان گۆڕییەوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە ھەر دوو کۆبوونەوەکەدا تیشک خراوەتە سەر ھۆکار و ریشەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و باس لەوەکراوە کە ھۆکاری ھەندێک لەو کێشانە بۆ بۆشایی یاسایی دەگەڕێتەوە بە تایبەت لە بواری نەوت و گازدا.
نوری مالیکی رۆڵی بنەڕەتیی جەلال تاڵەبانی (سەرکۆماری پێشووی عێراق)ی بیرھێناوەتەوە لە عێراق و ئاماژەی بەوە کردووە بۆشایی ئەو کەسایەتییە ھۆکارێکە بۆ ئاڵۆزتربوونی کێشەکانی عێراق.
لەلای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی پێشنیارەکانی چارەسەری بە ھەردوو سەرکردە عێراقییەکە گەیاند و ھەموولا ھاوڕابوون لەسەر بەردەوامی گۆڕینەوەی بیروبۆچوون تا گەیشتنە رێککەوتنێکی ھاوسەنگ و گشتگیر بۆ سەرجەم کێشەکان.

لە ھەردوو سەردانەکەدا ھەریەک لە وەزیری دارایی و ئابووری ھەرێمی کوردستان، ئاوات شێخ جەناب و نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە بەغدا، فارس عیسا یاوەری قوباد تاڵەبانی بوون.