Rewa Mahmut Hasan
19 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2015
کۆنیا
پرۆفیسۆر دكتۆر عەلی قەرەداغی سكرتێری گشتی یەكێتی زانایانی ئیسلامی جیهانی دوای بەشداری كردنی لە كۆنگرەی دووەمی مافی بازرگانی ئیسلامی نێودەوڵەتی كە لە شاری كۆنیا بەڕێوەچوو، لێدوانی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو داو باسی لە درووست بوونی داعش كرد و ئاماژەی بەوەدا كە لە چەندین وڵاتی جیهاندا كۆنفراسیان بەستووە تاكو لەخەڵكی بگەیەنن ئەوانەی داعش دەیكات بەناوی ئیسلامەوە هەڵەیە و گەنجانی بێتاوان هەڵدەخەڵەتێنن.
گوتی: "دەبێت ئەو گەنجانە جیابكەینەوە كەلەلایەن ئەو رێكخراوەوە هەڵدەخەڵەتێنرێن لەگەڵ ئەوانەی لەناو داعشدان. ئەوان كەسانی جیاوازن. بۆیە دەبێت بە ئاشكرا بڵێین، ئەو رێگەیەی ئەوان و ئەو بیرە توندوتیژەی گەنجان لەسەر دەڕۆن، لەناو بیر و فیكری ئایینی ئیسلامدا بوونی نییە. ئێمە دوو ئەزموونمان هەیە. یەكێكیان لەسەردەمی حەزرەتی عەلیدایە. كاتێك ئیبن عەباس دەنێرێتە ناو خواریجەكان و بیری راستیان تێدەگەیەنێت، بەهۆیەوە زۆرێك لە خەڵكان دەگەڕێنەوە.
قەرەداغی ئاماژەی بەوەدا كە تەنیا بە هەوڵدانی هاوبەش دەتوانرێت بەسەر ئەو دۆخەدا زاڵبین كە وڵاتانی موسوڵمانی گرتۆتەوە.
ناوبراو باسی لەوەش كرد كە كێشەكانی ئێستای ناوچەكە هۆكاری نێوخۆی و دەرەكی هەیە. وڵاتانی دوژمنی موسوڵمانان، هەوڵ دەدەن كە موسوڵمانان لەیەك بكەن، هەربۆیە موسوڵمانان ناتوانن یەكگرتوو بن و گوتی: "هەندێك كەس بەردەوام فیتنە دەخەنە ناو موسوڵمانان، كە ئەمەش هۆكاری دەرەكی هەیە. هۆكارێكی تریش نێوخۆییە، خوای گەورە دەفەرموێت كە كێشەكانی نێوخۆمان لەیەكەم هەنگاودا چارە بكەین. دیسان خوا دەفەرموێت "ئەگەر بەڵایەكتان بەسەرهات،ئەوا بەهۆی خۆتانەوە بووە" هەر بۆیە لەیەكەم هەنگاودا دەبێت بگەڕێینەوە سەیرێكی خۆمان بكەین".