Dilşad Seyfeddin Ahmet
11 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2016
ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانی زانایانی موسوڵمان و ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی عەلی قەرەداغی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی لەبارەی دۆخی دارایی و كرێی خوێندن لە زانكۆكەیان رایگەیاند "دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم كرێی خوێندنی لە زانكۆ ئەهلییەكان بەرێژەی 15 لەسەد كەم كردەوە، وەك زانكۆی گەشەپێدان بڕیارماندا نرخی داشكاندنەكە بۆ 25 لەسەد زیاتر بكەین".
قەرەداغی ئەوەشی گوت: "بەمەبەستی هاوكاری كردن و یارمەتیدانی ئەو خوێندكارانەی لە زانكۆكانی دەرەوە لە بواری ماستەر و دكتۆرا دەخوێنن، تاوەكو بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەوە واز لە خوێندن نەهێنن بڕیارمانداوە سندوقێكی گەورە بۆ كۆكردنەوەی داهات و هاوكاری كردنی ئەو قوتابیانە بكەینەوە".
قەرەداغی كە سەرۆكی رێكخراوێكی خێرخوازییە لە هەرێمی كوردستان بە ناوی رابیتەی ئیسلامیی كورد، باسی لەوە كرد بەم قەیرانەی ئێستای هەرێمی كوردستاندا بەردەوامن لە ئەنجامدانی پڕۆژەی خێرخوازی و زیاتر لە هەزار و 263 پڕۆژەی ئاوەدانیان هێناوەتە هەرێم و زیاتر لە 71 ملیۆن دۆلاریان لەو پێناوەدا خەرج كردووە.
عەلی قەرەداغی كە ئێستا بەسەردانێك گەڕاوەتەوە شاری سلێمانی لە بارەی دۆخی سیاسیی و دارایی هەرێمەوە دوا و داوای لە هەموو لایەنەكان كرد بەرژەوەندی هەرێم بخەنە پێش هەموو بەرژەوەندییەكانی خۆیانەوە و لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە بگەنە ئەنجام.