Zana Natık Kerem
03 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2017
كەرتی غەززە ــ AA
حكوومەتی تەوافی فەڵەستین لەو كاتەی لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤دا پێكهێنراوە، بۆ یەكەمجار كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی لە كەرتی غەززە ساز كرد.
كۆبوونەوەكە بە سەرۆكایەتی سەرۆكوەزیران، رامی حەمدەڵڵا دەستی پێكرد كە دوێنێ دووشەممە بە یاوەری ئەندامانی حكوومەتەكەی گەیشتە كەرتی غەززە.
لە میانی كۆبوونەوەكەدا، لە گوتەیەكدا كە كەناڵی تەلەڤیزیۆنی فەرمی فەڵەستین گواستیەوە، رامی حەمدەڵڵا گوتی: "حكوومەت سوورە لەسەر ئەوەی سەرجەم ئەرك و بەرپرسیاریەتییەكەی لە كەرتی غەززە بە بێ كەموكوڕی بگرێتە ئەستۆ، هەروەها سەرجەم پرسە هەڵپەسێراوەكان بە تەوافق لەگەڵ هەموو لایەنە فەڵەستینییەكان، چارەسەر دەكەین".
رامی حەمدەڵڵا ئاماژەی بەوەشدا كە بەدیهێنانی ئاشتەوایی فەڵەستین، هانی وڵاتانی كۆمەكبەخش دەدات كە زیاتر پابەندبن بە پڕۆسەی بەردەوامی ئاوەدانكردنەوەی كەرتی غەززە.
سەرۆكوەزیرانی فەڵەستین گوتیشی: "لە میانی چەند ساڵی رابردوودا بە رێژەی سەدا ٦٣ی ئەو خانوونەمان بنیادناوەتەوە كە لە لایەن ئیسرائیلەوە رووخێنرابوون".
ناوبراو گوتیشی: "حكوومەت لە غەززەیە بۆ ئەوەی كۆتایی بە دابەشبوون و سەرجەم كێشە هەڵپەسێراوەكان بهێنێت لە سەروویانە كێشەی ئەو فەرمانبەرانەی كە حەماس لە غەززە دایمەزراندوون كە ئەو كێشەیە لە چوارچێوەی رێككەوتنی قاهیرە و لە چوارچێوەی لیژنەی كارگێڕی یاسایی، چارەسەر دەكەین".
رامی حەمدەڵڵا داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی گەماڕۆكەی سەر كەرتی غەززە، هەروەها دەست لەسەر سەرچاوەكانمان هەڵبگرێت.
سەرۆكوەزیرانی فەڵەستین ئەوەشی گوت "رازی نابین كە پرسەكەمان تێكەڵی هیچ ناكۆكییەكی عەرەبی یان نێودەوڵەتی بكرێت، داوا لە هەمووان دەكەین یەكریزبن و پاڵپشتی لە سەركردایەتی فەڵەستین بكەن بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە گشتییەكان بخرێنە سەرووی بەرژەوەندییە كەسییەكان".
پێشبینی دەكرێت لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، رامی حەمدەڵڵا كۆنگرەییەكی رۆژنامەوانی ساز بكات كە تیایدا، ئەنجامی كۆبوونەوەكە دەخاتەڕوو.