ئه‌نقه‌ره
له كۆبوونه‌وه‌كه‌ى هه‌ردوو لایه‌ن له باره‌ى هه‌ڵگرتنى فیزه‌ی پاسه‌پۆرتى دێبلۆماسى و خزمه‌ت و تایبه‌ت، رێكکه‌وتن واژووکرا.
له دواى ته‌واوبوونى كۆبوونه‌وه‌كه، هه‌ردوولا كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى هاوبه‌شیان رێكخست و تیایدا چاوش‌ئۆغڵو رایگه‌یاند كه هه‌ماهه‌نگى له نێوان هه‌ردوو وڵات له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كاندا هه‌یه و دووه‌مین كۆنسهى هه‌ماهه‌نگى ستراتیژى له ئاستى به‌رز، به‌مزووانه له نێوان هه‌ردوو لایه‌ن ئه‌نجام ده‌درێ.
چاوش‌ئۆغڵو راشیگه‌یاند كه توركیا چاوه‌ڕوان ده‌كا حكومه‌تى نوێى عێراق بنكه فراوان و گشتگر بێ و به‌و سه‌ردانه‌ش لاپه‌ڕه‌یه‌كى نوێ له په‌یوه‌ندى نێوان عێراق و توركیا كراوه‌ته‌وه، جه‌ختیشى له‌وه‌كرده‌وه كه ئێستا حكومه‌تێكى زیاتر گشتگر هه‌یه و سه‌رهه‌ڵدانى گرفته‌كانیش بۆ حكومه‌تى پێشوو ده‌گه‌ڕێته‌وه.
چاوشئۆغلو راشیگه‌یاند كه عێراق داواى زیاتر به‌هێزكردنى سوپاكه‌ى ده‌كا و له‌وباره‌یه‌وه‌ش هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌كه‌ن.
وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا روونیشىكردهوه كه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش پێویست به ستراتیژییه‌كى فراوان ده‌كا، به‌وپێیه‌ش تا ئێستا كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى خاوه‌ن ئه‌و جۆره ستراتیژییه نییه.
ناوبراو راشیگه‌یاند كه پێویسته ستراتیژییه‌كى فراوان دژ به داعش به‌كاربهێنرێ، چونكه هێرشه ئاسمانییه‌كان ناتوانێ داعش رابوه‌ستێنێ، هه‌روه‌ها جهختیشىكردهوه كه نابێ بابه‌ته‌كه ته‌نیا له روانگه‌ى كۆبانێوە سه‌یر بكرێ.
چاوش‌ئۆغڵو پیرۆزیایى مانگه موحهرهمى كرد و سه‌ردانه‌كه‌ى جه‌عفه‌رى له‌م مانگه‌دا به "بەنرخ" هه‌ڵسه‌نگاند.
لای خۆیەوە ئیبراهیم جه‌عفه‌رى له كۆنگرە رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا رایگه‌یاند كه هه‌ردوو وڵات خاوه‌ن په‌یوه‌ندییه‌كى كۆنن، له رووى ئابوورى و سیاسیشه‌وه.
جه‌عفه‌رى له‌باره‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش رایگه‌یاند، چاوپێكه‌وتنى نێوده‌وڵه‌تى زۆریان ئه‌نجامداوه به‌ڵام كاریگه‌رترینیان كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌م دواییه‌ى نیویۆرك بووه.
جه‌عفه‌رى جه‌ختیشى له‌وه‌كرده‌وه كه ئه‌و ئۆپه‌ڕاسیۆنه به ئۆپه‌ڕاسیۆنێكى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ژمێردرێ، به‌وپێیه‌ش سوپاسى سه‌ربازانى كرد به‌هۆى "ئه‌و قارهمانییهتییهى" پیشانى جیهانیانداوه.
ناوبراو روونىكردهوه كه عێراق سوپاسى هه‌موو ئه‌و لایانانه ده‌كا كه پاڵپشتى عێراق بوون، به‌ڵام ئه‌وان سه‌ربازى بێگانه‌یان له عێراق ناوێ و ئه‌م ئه‌ركه‌ش خۆیان له ئه‌ستۆی دەگرن.
جه‌عفه‌رى ئه‌وه‌ى بیرخسته‌وه كه پێشتر له په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان عێراق و توركیا كه‌م و كورتى هەبووە، به‌ڵام ئێستا لاپه‌ڕه‌یه‌كى نوێ له‌وباره‌یه‌وه كراوه‌ته‌وه.