Kasım İleri,Muhammet Ali Kemal
29 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2017
واشنتۆن - AA
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) ئاشکرای کرد کۆریای باکوور تاقیکردنەوەیەکی مووشەکیی نوێی ئەنجامداوە.
لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، گوتەبێژی پنتاگۆن، بریگەدێر جەنەراڵ رۆب مانینگ رایگەیاند ''کاتژمێر ١٣:٣٠ بە کاتی کەنارەکانی خۆرهەڵاتی ئەمریکا ئەوەمان دەستنیشانکرد کە کۆریای باکوور تاقیکردنەوەیەکی مووشەکیی ئەنجامداوە. لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی دۆخەکەداین. دواتر کاتێک ئامادەکرا، وردەکارییەکان بڵاودەکەینەوە''.
هاوکات گوتەبێژی کۆشکی سپی، سارا هەکابی ساندەرز لە رێگەی هەژماری خۆی لە تویتەر ئاشكرای کرد سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە تاقیکردنەوە مووشەکییەکە زانیاریی دراوەتێ.
ئاژانسی هەواڵیی کۆریای باشوور، یۆنهاپ لە هەواڵێکدا کە بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای وڵاتەکەی ئامادەیکردووە، ئاماژەی بەوەکردووە کۆریای باکوور دوای ٧٥ رۆژ جارێکی دیکە تاقیکردنەوەیەکی مووشەکیی لە باکووری شاری پیۆنگ یانگ ئەنجامداوە و باسی لەوەکردووە ''ئەو مووشەکە بالیستییە کە نەتوانراوە بناسرێتەوە'' لە کەناراوەکانی دەریای خۆرهەڵات کەوتووەتە خوارەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە لەبەرامبەر تاقیکردنەوە مووشەکییەکەی کۆریای باکووردا و لە هەمان کاتدا کۆریای باشووریش مووشەکێکی ئاراستەکراوی تەقاندووە.
کۆریای باکوور دوایین تاقیکردنەوەی رۆژی ١٥ی ئەیلوول بە هەڵدانی مووشەكێکی بالیستیی مامناوەند مەودا، ئەنجامدابوو.