ھەولێر
لە ھەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆكی ژووری بازرگانی ھەرێمی كوردستان و بەرپرسی ئەنجوومەنی كاری بەریتانیا لە عێراق كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە ھۆڵی ژووری بازگانی بەرێوەچوو.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا راگەیەنرا كە كۆنفرانسی كاری هەرێمی كوردستان و بەریتانیا لە رۆژانی ١ و ٢ی مانگی ئاداری داھاتوو بەرێوە دەچێت و زیاتر لە ٢٦ كۆمپانیا بەشداری تیادا دەكەن.
راشگەیەنرا كە تەنها كۆمپانیا بیانیەكان دەتوانن بەشداری لە كۆنفراسەكەدا بكەن. ئاشكراشكرا كە كۆنفرانسەكە چەند سەكتەرێك لە خۆدەگرێت وەك غاز و نەوت، بانك و دڵنیایی، بیناسازی، پەیوەندییەكانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی كوردستان و عێراق، خوێندنی باڵا، ئای تی و تەندروستی.
بەڕێوەبەری راگەیاندن لە ژووری بازرگانی هەرێمی كوردستان عەبدلواحد وەهاب بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "یەكێك لە ئامانجە هەرە گرنگەكانی ئەو كۆنفرانسە خزمەتكردنە بە چین و توێژەكانی كۆمەڵگا لە كاتێك كە هەرێم دووچاری قەیرانی ئابووری بووەتەوە و لە هەمان كاتدا لە شەڕێكی دژواردایە لە دژی تیرۆریستان. ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ ژووری بازرگانی عێراق و ئەنجوومەنی كاری بەریتانیا لە عێراق ئەو كۆنفرانسە ساز دەكەین".