Hemin Hüseyin
19 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2017
هەولێر-AA
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی رایگەیاند "لە ئیستادا رەوشی سیاسیی و دارایی هەرێمی کوردستان خراپە و دەبێت بە شێوەیەکی مەدەنییانە و رێککەوتنی لایەنەکان رەوشەکە چارەسەر بکرێت، هاوکات دەبێت هەموومان بەرپرسیاریەتی نیشتمانیی هەڵگرین کە بەداخەوە لەم دوو رۆژەی رابردوو ئەم خۆپێشاندانانە لە شاری سلێمانی و ناوچەکانی دەورووبەری روویاندا و گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "ئێمە وەکو پەرلەمانتار و هاووڵاتیی، پشتگیری لە خۆپێشاندەران دەکەین، بەڵام بە شێوەیەکی مەدەنییانە و دوور لە توندوتیژی، ئەوەی کە ئێستا دەیبینین هەستی پێ دەکەین کە چەند لایەنێکی سیاسیی لە پشت ئەو خۆپێشاندانەیە و دەیانەوێت دۆخەکە بقۆزنەوە و خۆپیشاندەران پەلاماری بارەگای حزبی و حکوومی بدەن".
سەبارەت بە لایەنە سیاسییەکانی پشت خۆپێشاندەرانیش، ئایدن مەعروف گوتی: "بەداخەوە ئێستا لە سلێمانی و کفری و کەلاردا و لە پاڵ ئەم خۆپێشاندانەدا هەندێک لایەنی سیاسیی سەر بە پەکەکە هەیە کە لەناو خۆپێشاندەراندا پەلاماری بارەگا حزبی و حکوومییەکان دەدەن و هەر ئێستاش لە شارۆچکەی کفری پەلاماری بارەگاکانی حزبی و حکوومی دراوە، بەڵام تەنها بارەگاکانی بەرەی تورکمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان سووتێنراوە".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "ئێمە وەکو پەرلەمانتار لەگەڵ داواکاری خەڵکین بۆ باشترکردنی رەوشی ئابووری و سیاسیی، بەلام داواکاری رووخاندنی حکوومەت لە لایەن خۆپێشاندەرانەوە بە هیچ شێوەیەک رەوا نییە، چونکە ئەمە حکوومەتی هەموومانە و دەبێت بەیەکەوە چارەسەری کێشەکان بکەین، بەڵام هەست دەکەین ئامانجی خۆپێشاندەران ئەوەیە کە پەیوەندی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تێک بدەن بۆیەش پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن".