Hamit Hüseyin
21 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2016
ھەولێر -AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، ئیبراھیم برۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ئێستادا رەوشی سیاسی ناوچەکانی کوردی لە سووریا وەک ھەموو ناوچەکانی دیکەی سووریا زۆر خراپە، بەڵام ناوچەکانی کوردی بەربەستی زۆرتری تیادایە و پەیەدە لەو ناوچەیە دەسەڵاتێکی دروستکردووە کە تایبەت زۆلم لە نەتەوەی کورد لە سووریا دەکات و ئەو دەسەڵاتەش بە رێککەوتن لە نێوان رژیمی بەشار ئەسەد و پەیەدە دروستبووە ھەر بۆیەش ئەوان دەرفەت نادەن لایەنێکی دیکەی کوردی لە ناوچەکەدا رۆڵیان ھەبێت، ھەروەھا ئەوان لە ئێستادا چەندین بەربەست دروست دەکەن بۆ بزووتنەوەی سیاسی کورد لە سووریا کە زیاتر لە شەست ساڵە بۆ مافی نەتەوەی کورد خەبات دەکات".
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا زیاتر لە بارەی بارودۆخی خەڵکی ناوچە کوردییەکانی سووریا گوتی: "رەوشی ئابووریش زۆر خراپە و ژیانی خەڵک کەوتووتە مەترسییەوە وئەمەش لە کاتێکدایە کە ھەر کەسێک کە بۆ بژێوی ژیانی خۆی کارێک بکات، باجی لێ وەردەگیرێت، ھەروەھا سەربازی زۆرەملێ رۆژ بە رۆژ زیاد دەکات وھەموو گەنجانی ١٨ بۆ ٣٥ ساڵ یا دەبێت لە رێزی پەیەدە بن یا وڵاتەکەیان بەجێبێھلن و ئاوارەی وڵاتانی دیکە بن".
برۆ لە بارەی خۆپیشاندانەکانی ئەنەکەسە دەڵێت: "ئێمە بەھۆی کردارە خراپەکانی پەیەدە خۆپێشاندان دەکەین وئەوان لە ماوەکانی رابردوودا کاری قیزەوەنیان بەرامبەر ئەندامان و سەرکردەکانی ئەنەکەسە کردووە ولە ئێستاشدا رادیوی عامودایان داخستووە و ژمارەیەکی زۆری کادیر و ئەندامانی ئێمەیان دەستبەسەرکردووە و دەستیان داوەتە داخستنی ئوفیسەکانی ئێمە و تا ئێستا تەنیا جێگری سکرتێری پارتی یەکێتی کورد لە سووریا، ساڵح حەسەن ئازاد کراوە وئەوان با بزانن کە بەردەوامیش دەبین لە چالاکییە مەدەنییەکانمان و ھەروەھا ئێمە تەنیا بۆ بەندکراوان خۆپیشاندان ناکەین بەڵکو دژی ھەبوون و ئیدارەی ناشەرعی ئەوان رادەوەستین، ھیچیان بۆ میللەتی کورد نەکردووە و ئەوان بە ناوی فەلسەفەی دیموکراتیک کار دەکەن بەڵام تا ئێستا باوەڕیان بە نەتەوەی کوردی نییە".
لە بارەی بەردەوامیدان بە خۆپیشاندان و بەکارھێنانی وەک کارتێکی فشاری دیکە بەرامبەر پەیەدە ئیبراهیم برۆ گوتی: "ئێمە بەردەوام دەبین بەڵام ئێمە لە پەیەدە بێ ئومێدین و ئەوان رۆژ دوای رۆژ دیکتاتوریەتی خۆیان بەرفراوان دەکەن و ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵیاندا زۆر بە زەحمەت دەزانین و ئیتر ناتوانین ئایدۆلوجیای ئەوان بگوڕین و لە ئێستادا ئەوان دەزانن کە داھاتوو بۆ ئەوان زۆر زەحمەت دەبێت تەنها ئەو کاتە سوودیان دەبێت کە ھاوکاری سەربازی بە ھاوپەیمانانی شەڕی داعش و بە تایبەتی ئەمریکا دەکەن ئەویش تەنها ئەو وڵاتانە سوود لە ئەوان وەردەگرێت و بە باشی دەزانن کە ئەگەر شەڕی رەققە کۆتایی پێی ھات ئەمریکا ئیشی بە پەیەدە نامێنێت، پەیەدە ھیچ دوستێکی لەناو کورد نییە و پەیەدە وەک پەکەکە دژایەتی ھەرێمی کوردستان و تورکیا و ئۆپۆزسیونی سووریا و دژایەتی بزووتنەوەی کوردی لە سووریا دەکات".
لە بارەی ھەبوونی رێککەوتنێکی دیکە لە نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە بۆ پرسی کورد لە سووریا سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا گوتی: "تا ئێستا بیر لە ھیچ دانوستانێکی نوێ نەکراوەتەوە و ئەگەر رێککەوتن بکرێت دەبێت گوڕانکاریەکی سیاسی گەورە بکرێت و فشار و ئاستەنگەکان لەسەر ھاووڵاتییان کەم بکرێتەوە".
لە بارەی سزادانی پەیەدە بۆ پابەندنەبوونی بە رێککەوتنەکانی، ناوبراو گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە زۆر بواردا یارمەتیدەری خەڵکی ناوچە کوردییەکانی سووریا و ئەوان بووە وەک کردنەوەی سنووری پێشخاپور بۆ نەخۆشەکان و بریندارانی رۆژئاوا بەڵام ئەوان بە چاوی دوژمنانکارانە تەماشای ھەرێمی کوردستان دەکەن و زۆر جار بە کاری قیزەوەن ھێرشیان کردووە سەر ئوفیسەکانی ئێمە و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی ھەموو جارێک حەزی لەوە بووە کە یەکرێزی ماڵی کورد پارێزراو بێت، ئەوان ئەو رێگایە دەبەستن کە یەکگرتنی کوردی تیادا بێت. ئەوان بەرژەوەندیەکانیان ھاوبەشن لەگەڵ ئێران و سووریا و ئەوان ناتوانن ئەوە ببینن کە لە ژێر چاودێری سەرۆک بارزانی ئەو رێککەوتنە بکرێت".
ھەروەھا گوتیشی: "ئەمریکا و رووسیاش کاتێک باس لە کردەوەکانی پەیەدە دەکرێت ئاگادارن لە کارەکانیان خراپن و سیاسەتێکی زۆر ھەڵەیان ھەیە بەڵام لەو باوەڕەدام کە ئەمریکا ئێستا بەھۆی بەرژەوەندییەکانی چاو لە کردەوەکانی پەیەدە دەپۆشێت و تا ئێستا فشارێکی جددی لە پەیەدە نەکردووە و ئەگەر حەزی لێ بوایە دەیتوانی رێککەوتنەکان بە پەیەدە جێبەجێ بکات".
لەبارەی فرۆشتنی نەوتی ناوچە کوردییەکان لەڕێگەی ھەرێمی کوردستانەوە گوتی: "ئێمە زانیاریمان لەوبارەوە نییە بەڵام دەبینین کە ھەرێمی کوردستان لە دەروازەی پێشخاپۆر لەڕووی مرۆڤایەتی و ئابووری ھاوکار بووە".
ئیبراهیم برۆ لە بارەی گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەی رۆژ گوتی: "ئەگەر چارەسەریەک بۆ بارودۆخی سووریا بێتە ئاراوە و ئەمریکا و رووسیا رێکبکەون ئەو کات بڕیارەکان لە دەست پەیەدە نامێنێت و ھەموو لایەنەکان ئەو ھێزەی پێشمەرگە قبووڵ دەکەن و ئەو کات ھەر کەسێک دژی رێککەوتنی نیودەوڵەتی بێت شوێنی لە رۆژئاوا نابێتەوە و پەیەدە لەوەش دەترسێت و دەزانێت کە پێشمەرگەی رۆژ وەک ھێزێکی رێکخراو و پەروەردەکراوە، و ھێز و جەماوەرێکی زۆری ھەیە ھەر بۆیەش ئەوان ھەر دەیانەوێ بە تەنیا لە ساحەی سووریا ھەبن".
لە بارەی جینۆسایدکردنی عەرەب لە لایەن پەیەدە ناوبراو گوتی: "پەیەدە جینۆسایدی کەسی نەکردووە و تەنها سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی رژێمی سووریای پاراستووە و ھەر کەسێک دژی بەرژەوەندی رژێمی ئەسەد بێت ئەوان شەڕی ئەو لایەنە دەکەن و لە ھەمان کاتدا چ کەس و لایەنەک کە لە پەیەدە نزیک بێت ئەوا پەیەدە ئەوان دەپارێزێت".
ھەروەھا گوتیشی: "ئێمە وەک بزووتنەوەی سیاسی کوردی دەزانین کە پرۆژەیەکی دەمارگیرانەی (عنصری) رژێمی بەعس لە ناوچەکانی کوردی ھەبووە کە زەوییەکانی خەڵکی کورد بەسەر عەرەبەکاندا دابەش کراوە و دەبێت ئێستا ئەوان بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان و پەیەدە لە ئێستادا بە زۆرەملێ عەرەبەکانی ئەو ناوچانە دەپارێزێت کە زەویەکانی کوردیان داگیر کردووە، ھەروەھا زۆربەی ئەوعەرەبانە ئێستا لە ئاسایشی پەیەدەدا دەوام دەکەن، ئەوان شەڕی سیاسی دەکەن ئەوان دەڵێن با ھەموو نەتەوەکان دەوڵەتیان ھەبێت تەنیا کورد نەبێت ئەوان داوای کۆنفدراڵی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکەن و ئەوەش خەیالە و تەنانەت پرسەکانی نەتەوەی کوردی پێی دادەپۆشن".
لە بارەی کریدورەکانی نێوان عەفرین و کۆبانی ھەروەھا ئۆپەراسیۆنی ڤۆلکانی فۆرات ئیبراهیم برۆ گوتی: "ئێمە وەک کورد دژی ھیچ پێکھاتەیەک نین و تەنیا داوامان ئەوە بووە بە ھاوکاری پێکھاتەکانی دیکە عەفرین و کۆبانی و ناوچە کوردییەکان بە یەک بگەن. با سووریا دەوڵەتێکی فیدراڵی بێت و ھەرێمی کوردی لەناو ئەو ناوچەیە بێت و ئەگەر بمانەوێت پێکھاتەکان باوەڕیان بە ئێمە ھەبێت دەبێت دانوستان ھەبێت تاکو بتوانن باوەڕ بە ئێمە بکەن".
گوتیشی: "لەناو سووریا زۆر دەوڵەت بوونیان ھەیە ئەوەی تورکیا بەڵکو دەیەوێ ھەرێمێکی پارێزراوی ھەبێت و هەڕەشە لە سنوورەکانی خۆی دوور بخاتەوە و لە لایەکی دیکە خەڵکی ئەو ناوچەیە لە ھەرێمێکی ئارامدا بن و لە سووریا بێجگە لە تورکیا، ئەمریکا رووسیا و ئیران و گەلێک دەوڵەتی دیکە ھەن."
لە بارەی ئەو پرسەی کە ئەوان بەشێکن لە ئوپۆزسیونی سوووریا و لە ئێستادا تورکیا پشتگیری لە ئۆپۆزسیۆن دەکات تا ھەندێ دەڤەر رزگار بکات و بە دەیان گوندی کوردەکانیش لەو دەڤەرانە ھەن بۆ ئەوان بە ھاوکاری پێشمەرگەی رۆژئاوا بەشداریان لەو ئۆپەراسیۆنەدا نەکرد سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا گوتی: "ئەو ھەرێمە بە زۆری کورد نین و ھەروەھا ساسیەتێکی دیکە ھەیە وەک چۆن پەیەدە رووی لە منبج یا رەققە کرد ساسییەتەکە سەری ھەڵدا، ئەوە بابەتێکی زەحمەتە لەلای خەڵکی عەرەب کە نەتەوەیەکی دیکە بێت ئەو ناوچەیە ئازاد بکات ئەوەش ئێمە ئەو حساباتانە دەکەین کە ھەم خەڵکی ئێمە نەبێت بە قوربانی ھەمیش خەڵکی ئەو ناوچانە نەبن بە دوژمنی ئێمە و لە ئێستادا ھێزی ئێمە زۆربەی لە ھەرێمی کوردستانە وبەوەش ئێمە ئامادەین ھەموو سنوورەکانی ناوچە کوردییەکانی سووریا بپارێزن."
ھەروەھا لە بارەی دانوستان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا چۆن دەبینرێت لە بارەی سووریا سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، ئیبراهیم برۆ گوتی: "ئێمە دانوستان و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر باشە و لە ئێستادا ئێمە دەزانین کە لایەنەکان مامەڵە لەگەڵ ھێزی سەربازی دەکەن بەڵام لەگەڵ سەرکەوتنی ترەمپ ئێمە لەو باوەڕەداین کە گوڕانکاری زۆر باش دەکرێت ئەوەش لە کاتێکدا بوو بەرلە ھەڵبژاردن شەرێکی گەورەی راگەیاندن دەکرا و دیمەنێکی خراپی ترەمپ پێشانی خەڵک درا بەڵام دوای ھەڵبژاردنی ترەمپ ئێمە دەزانین کە گوڕانکارییەکی گەورە لە مێشکی خەڵکی ئەمریکا ھەیە و ئەوان دەزانن کە لە ماوەی رابردوودا ھەیبەتی ئەمریکا کەم بووەتەوە و بە تایبەتی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق و تسلیمکردنی عێراق بە دەست ئیران ھەر بۆیەش لەو باوەڕەدام کە ھەڵوێستی ئەمریکا لە سووریا و ناوچەکانی کوردی دەگوڕدرێت".