Heman Hussein Yaseen Yaseen
03 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2019
هەولێر - AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی لە میانی رێورەسمی کردنەوەی چواردەمین پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ کتێب گوتارێکی پێشکەش کرد رایگەیاند کە کردنەوەی پێشانگای کتێب ساڵانە لە ھەولێر جێگای شانازییە و ھەولێریش شانازی بەم پێشانگایە دەکات و دواتر لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "زۆر ئاراممان گرت و دەرفەتی زۆرمان دا بە ھەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی حکوومەت لە ھەموو لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن پێکبێت. تا ئێستا ئەو ھیوایەمان ھەیە کە حکوومەت لەلایەنە جیاوازەکانی براوەی ھەڵبژاردن پێکبێت، بەڵام بەڕوونی دەیڵێم لە ئەمڕۆوە یەک چرکەی دیکە چاوەڕێ ناکەین و پشتیوان بەخوا بەمزووانە حکوومەتی نوێ پێکدێت".
مەسعود بارزانی جارێکی تر سەرەخۆشیی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی رووداوی نقوومبوونی "بەلەمی مەرگ" لە مووسڵ کرد و لە بارەی کێشەکانی شاری مووسڵ، رایگەیاند "ئەو کارەساتەی مووسڵ ھۆکارەکەی خراپیی رەوش و نەبوونی ئاسایش و سیستەمێک بوو، بەتایبەت دوای رزگارکردنی شارەکە، بەداخی زۆریشەوە زۆر لەو خێزانانەی کە دوای داگیرکردنی شارەکە بە ھۆی تیرۆریستان ئاوارەبوون، بە ھیوا و موژدەوە گەڕانەوە، بەڵام دوای ماوەیەک ئاوارەبوونەوە، بەتایبەت کە بینییان نە خزمەتگوزاری نە ئاسایش و نە سیستەمێک ھەیە لە شارەکە، بۆیە دووبارە گەڕانەوە کەمپەکان".
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی ئاماژەی بە مەترسیی تیرۆر کرد و گوتی: "بەڵێ داعش گورزی بەھێزی بەرکەوتووە و تووشی شکستی زۆر بووە، ھەروەھا ئەو ناوچانەیشی لەدەستداوە کە داگیری کردبوون چ لە عێراق چ لە سووریا، بەڵام مەترسی داعش کۆتایی نەھاتووە، خەلافەتە ساختەکەی داعش کۆتایی ھات، بەڵام ترسەکەی کۆتایی نەھاتووە، داعش ھێشتا ھەڕەشەیەکی راستەقینە و جددیە و بنەبڕکردنی داعشیش پێویستە بە هەماهەنگی لە نێوان عێراق و سووریا بێت، ناکرێت لە وڵاتێکدا داعش بنەبڕ بکرێت، بەتایبەت لە نێوان عێراق و سووریا لە لایەکەی دیکە ھەلی ئەوە ھەبێت داعش سەرھەڵبداتەوە و دروست بێتەوە. خەلافەتە ساختەکە رووخا و رەنگە کۆتایی ھاتبێت، بەڵام ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی داعش ھێشتا ماون، بۆیە ناکرێت بڵێین داعش کۆتایی ھاتووە و نەماوە، ئەوانەی وادەڵێن پێش ھەمووان ناڕاستیی بە خۆشیان دەڵێن و بۆ مەبەستی سیاسی و شتی دیکە وادەڵێن".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەسعود بارزانی لەبارەی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا رایگەیاند کە پێشێلکردنی دەستوور زۆر ھەلی باشترکردنی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدای لەناو برد، بەڵام ئێستا کەشوھەوایەکی نوێ ھەیە بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەری کێشەکان بکەین و گوتی: "ناکۆکی و کێشە لە نێوان ھەولێر و بەغدا دروست بوو، ئەگەر دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ کرابا، ئەو کێشانە روویان نەدەدا، بەڵام ئێستا بەخۆشحاڵییەوە ھەموو گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە گفتوگۆ و دیالۆگ و ھاوکاری، تاکە ھۆکاری سەرکەوتوویی چارەسەرکردنی کێشەکانە نەک بەپێچەوانەوە".
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی گوتیشی: "ئەمڕۆ کەشێکی نوێ و ھەلێکی نوێ دەبینین، ھەروەھا خواستێک ھەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، وای دەبینین کە بوونی بەڕێز عادل عەبدولمەھدی لە سەرۆکایەتیی حکوومەت ھەلێکی نوێیە، رەنگە دوایین ھەلیش بێت بۆ چارەسەری کێشەکان، بۆیە بە ھیچ جۆرێک نابێت ئەو ھەلە لەدەست بدرێت و ھاوکاری برام عادل عەبدولمەھدی دەکەین، ھاوکار دەبین بە شێوەیەکی جددی بۆ چارەسەری ھەموو کێشەکان نەک تەنیا لە ھەرێمی کوردستان، یان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا، بەڵکو چارەسەری ئەو کێشانەی تایبەتن بە ھەموو ھاووڵاتیانی عێراق".
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی بارودۆخی ناوخۆیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند "ھەرێمی کوردستان ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بە سەرکەوتوویی بەڕێکرد، ئەنجامەکانیش دەرکەوتوون و زۆر چاوەڕێمان کرد، ھەلی پێویست دراوە بە ھەموو لایەنەکان، بەڵام ئێستا گەیشتووینەتە قۆناغێک کە چیتر چاوەڕێ نەکەین و پەرلەمان دەست دەکات بە کارەکانی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم و ئاسانکاری بۆ پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان".