Dlshad Saifaalddin Ahmed
23 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 24 مای,س 2018
سلێمانی ـ AA
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری بەغدا، وەفدی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەسەرۆكایەتی بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە، مەلا بەختیار سەردانی سەركۆماری عێراق، فوئاد مەعسوم-یان كرد.
لێپرسراوی راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كاروان یاروەیس لەو بارەیەوە رایگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا دۆخی عێراق دوای هەڵبژاردنەكان و گفتوگۆی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق تاوتوێ كران.
مەلا بەختیار لە كۆبوونەوەكەدا رایگەیاندووە "یەكێتی ڤیتۆی لەسەر هیچ كاندید و لایەنێك نییە".
هەروەها رایگەیاندووە "بەشێك دەبین لە چارەسەر و لەسەر كەركووك و ماددەی ١٤٠ و پرسی پێشمەرگە و بوودجە و مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان رێکكەوتن دەكەین و بنج و بنەوانی كێشەكان لەگەڵ ئەو لایەنەی حكوومەت پێكدەهێنێت باس دەكەین و رێكکەوتنی لەسەر دەكەین".
لە لای خۆیەوە سەركۆماری عێراق، فوئاد مەعسوم باسی لە دۆخی ئێستای عێراق و هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ كرد.
مەعسوم هیوای خواست لایەنە براوەكان بەرژەوەندی باڵای گەلانی عێراق لەبەرچاو بگرن و دەستوور جێبەجێ بكرێت.
ئەمڕۆ وەفدێكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و گفتوگۆكردن و دانوستان لەسەر چۆنیەتی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق گەیشتە بەغدا.
وەفدەكەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەسەرۆكایەتی بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە، مەلا بەختیار و ئەندامیەتی ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پێكهاتووە، بەرنامەی دیدار وكۆبوونەوەكانی وەفدەكەش لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسیەكانی عێراق بەتایبەتی لیستە براوەكان دەست پێ دەكات.
لە ئێستاشدا وەفدی یەكێتی لەگەڵ وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی سكرتێری مەكتەبی سیاسی حزبەكە، فازڵ میرانی لە كۆبوونەوەدان، وەفدی پارتی دوێنێ گەیشتنە بەغدا و زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن ئەنجامدا.
لایەنە كوردییەكان هەریەكە بە جیا سەردانی بەغدا دەكەن بۆ گفتوگۆی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن و دانوستانی تایبەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، جگە لە وەفدی پارتی و یەكێتی، دوێنێ سەرۆكی لیستی نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحیدیش سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرۆك لیستە براوەكان كۆبوونەوەی كرد.