Heman Hussein Yaseen
17 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 17 ئادار 2021
ههولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، سوزوکی کۆتارۆ کرد.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە لە کۆبوونەوەیەکدا، ھاوکاری و یارمەتییەکانی ژاپۆن بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئەو ھاوکارییانەی لە رێگەی رێکخراوە ناحکوومییەکانی ژاپۆنەوە پێشکەش دەکرێن، برەودان بە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ژاپۆن، دەرفەتی وەبەرھێنان و سەرمایەگوزاریی ژاپۆنی لە ھەرێمی کوردستان، لێکەوتەکانی پەتای کۆڤید-١٩، ھەڕەشەکانی تیرۆر، دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی جیی بایەخی ھاوبەش، تاوتوێ کراون.
ئاماژە بەوەشکراوە کە باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق وێڕای ستایشکردنی دۆخی ئارام و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەڕوانێت، ھەروەھا سوپاسی ھەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو ئاسانکارییانەی پێشکەش بە ئاژانسەکان و رێکخراوە ناحکوومییەکانی ژاپۆن دەکرێت و دووپاتیکردەوە کە وڵاتەکەی لە ھاوکاریکردن و یارمەتیدانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و بەپێی بوارە پێویستەکان پڕۆژە و کاری خزمەتگوزاری ئەنجام دەدات.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا کە بەرپرسی نووسینگەی کۆنسولگەریی ژاپۆن لە ھەولێر ناگایاما یۆشیکۆ ئامادەی بوو، دۆخی ئاوارە و پەنابەران خرایە بەر باس و ھەردوولا ھاوڕابوون کە دەبێت ئاوارەکان بە خواست و ئارەزووی خۆیان بگەڕێنەوە شوێنەکانیان پاش ئەوەی ئارامی و خزمەتگوزاری و دەرفەتی کاریان بۆ دابین دەکرێت.
ئەوەشخراوتەڕوو کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی تەواوبوونی ئەرک و کارەکانییەوە، سوپاسی بەرپرسی نووسینگەی کۆنسولگەریی ژاپۆنی لە ھەولێر، ناگایاما یۆشیکۆ کردووە و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە.