Dilşad Seyfeddin Ahmet
20 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2016
سەرۆكی سەنتەری كەنداو بۆ لێكۆڵینەوە عەبدولعەزیز عوسمان سەقەر دوای بەشداری كردنی لە دیداری سلێمانی و لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی پەیوەندییەكانی توركیا و سعوودیە و دواین گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و رۆڵی ئەمریكا لە هاتنە ناوەوەی رووسیا بۆ ناو خاكی سووریا و هۆكاری كشانەوەی ئەو وڵاتە لە سووریا قسەی كرد.
عەبدولعەزیز هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و دامەزرێنەر و سەرۆكی سەنتەری كەنداو بۆ لێكۆڵینەوەیە كە بارەگای سەرەكی لە سعوودیەیە و لە رۆژنامە بەناوبانگە عەرەبییەكان و كۆڕ و كۆبونەوە نێودەوڵەتییەكان لەسەر پرسەكانی ناوچەكە بابەت و قسەی خۆی هەیە.
ئەو سەرەتا باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان سعوودیە و توركیای كرد و گوتی: "پەیوەندییەكانی سعوودیە و توركیا بەرەو پێشچونی بەردەوام بە خۆوە دەبینن و سەردانەكانی ئەم دواییەی سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆكوەزیران و بەرپرسانی دیكەی ئەو وڵاتە بۆ سعوودیە ئاستی پەیوەندییەكانی توندوتۆڵتر كردەوە كەخۆی لە زۆر بواردا لەوانەش پەیوەندییە سیاسییەكان و ئاسایش و سەربازی و ئابووری دەبینێتەوە".
ئەو راوێژكارەی سعوودیە ئەوەشی گوت: "توركیا وڵاتێكی زۆر گرنگە و رۆڵی گەورەی گرنگی هەرێمی هەیە لە ناوچەكەدا و لەگەڵ عەرەبستانی سعوودیە لەسەر زۆر پرس و بابەتی گرنگ هاوڕان، لە پێشەوە پرس و كێشەكانی عێراق و ئاسایش و ئارامی ئەم وڵاتە، هەروەها دۆخی سووریا بەشێوەیەكی زۆر بەلای هەردوو وڵاتەوە زۆر گرنگە، هەردوولاش لە رووبەڕووبونەوەی تیرۆردا هاوپەیمانن، لە زۆر بواری دیكەشدا هەردوولا هاریكارییان هەیە لە نێویشیاندا پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و مكوڕبونیان لەوەی ئەو بەرنامەیە بۆ بواری سەربازی بەكار نەیەت و لە بوارە مرۆییەكاندا بەكاربهێنرێت".
عەبدولعەزیز لە بارەی سووریاوە گوتی: "سعوودیە و توركیا هاوكاری و گرنگیپێدانی باشیان هەیە بۆ پرسی سووریا و هەردوولا ئەندامن لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبونەوەی تیرۆر لەهەر كوێیەك هەبێت و بەرەنگاری داعش دەبنەوە، لەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەشدا كە 60 وڵاتی لە خۆگرتووە و ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات توركیا و سعوودیە لە وڵاتە كاریگەر و گرنگە بەشدارەكانن.
هەردوو وڵات پێیان وایە دووركەوتنەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات بووەتە پێویستییەكی تەواو، بەهۆی ئەوەی ئەسەد بووە هۆكاری گیان لەدەستدانی ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی بێتاوانی وڵاتەكەیی و ئاوارەبوونی نزیكەی 12 ملیۆن هاووڵاتی سووری بەهۆی ئەو جەنگە ماڵوێرانكەرەیی و بەكارهێنانی توندیژی و هێز دژی گەلەكەی كەئەوەش هەموو ئەو كێشانەی دروست كردووە".
ئەو گوتی: "توركیا هاوشێوەی سعوودیە لەسەرەتاوە هەوڵیدا بەشار ئەسەد رازی بكات بە دووركەوتنەوە و وازهێنان لەدەسەڵات بۆ نەبوونە قوربانی ژمارەیەكی زیاتری دانیشتووانی ئەو وڵاتە، بەڵام بەداخەوە ئەسەد بەردەوامی دا بە دۆخەكە و كوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی بێتاوان".
سەرۆكی سەنتەری كەنداو بۆ لێكۆڵینەوە لە درێژەی لێدوانەكەیدا و لە بارەی دەستێوەردانی رووسیا لە كاروباری سووریاوە گوتی: "لە ئێستادا گفتوگۆكانی جنێڤ بەردەوامییان هەیە و سعوودیە و توركیا پێیان وایە ئامادەیی رووسیا لە خاكی سووریا داگیركردنی وڵاتێكی بیانییە و دەستێوردانە لە كاروباری ناوخۆی سووریا بە بەكارهێنانی هێزی سەربازی".
عەبدولعەزیز هۆكاری دەستێوەردانەكانی رووسیا بۆ لاوازی هەڵوێستی سیاسیی ئەمریكای گێڕایەوە، لەو بارەیەوە گوتی: "ئەو دەستێوەردانەی رووسیا روی نەدەدا ئەگەر هەڵوێستی سیاسیی ئەمریكا سست نەبوایە، لاوازی ئیدارەكەی ئۆباما رێگەیدا بە هاتنە ناوەوەی رووسیا و هێنان و بەكارهێنانی فڕۆكە سەربازییەكانی بۆ كوشتنی كەسانی بێتاوان، ئێمە دژی جەنگ نین بەرامبەر داعش و هەموومان كۆكین لەسەر رووبەڕووبونەوەی داعش بەڵام كاتێك فڕۆكە جەنگییە پێشكەوتووەكانی رووسیا و هێزی رووسیا بۆ كوشتنی هاووڵاتییانی بێتاوان بەكاردەهێنرێت لەلایەن هەموو وڵاتانەوە لە نێویشیاندا توركیا و سعوودیە جێگەی قبووڵكردن نییە".
سەبارەت بە هۆكاری بڕیاری كشانەوەی رووسیا لە سووریا، عەبدولعەزیز دەڵێت: "دوای ئەوەی رووسیا هەستی كرد بەوەی بەشێك لەو ئامانجانەی خۆی پێكاوە كە دەیویست كە ئەویش مانەوەی بەشار ئەسەدە لە دەسەڵات و كوشتنی بەشێك لەو گرووپە چەكدارانەی ئۆپۆزسیۆن كە خۆی مەبەستی بوو نەوەك داعش، لەگەڵ ئەوەشدا هەستی كرد بەوەی تێچووی بەردەوامی مانەوەی لە سووریا زۆر لەسەری دەكەوێت بۆیە هەوڵ دەدات بەشی گەورەی هێزەكانی لە سووریا بكێشێتەوە و لەو بنكە سەربازییانەش بمێنێتەوە كە دەكەونە سەر دەریای ناوەڕاستەوە".
سەرۆكی سەنتەری كەنداو بۆ لێكۆڵینەوە گوتیشی: "ئەوە هەنگاوێكی باشە و خوازیاری ئەوەین رووسیا بە یەكجاری لە خاكی سووریا بكشێتەوە كە ئەوە داگیركاری وڵاتێكی عەرەبی و بەكارهێنانی هێزە، سەرەڕای ئەوەی باس لەوە دەكات لەلایەن بەشار ئەسەدەوە داوای لێكراوە".