گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ماری هارف لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی لە توركیا و تۆمەتباركردنی ژمارەیەك بەرپرسی ئەمریكی گوایە دەستیان لە گەندەڵیەكاندا هەیە، بە بێبنەما وەسف كرد و رایگەیاند كە نیگەرانیەكانی خۆمان لەو بارەیەوە گەیاندۆتە بەرپرسانی تورك.
هارف لە میانەی كۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەیدا و لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوساندا لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا گوتی: "ئیمە لە مێژە نیگەرانیەكانی خۆمان گەیاندۆتە بەرپرسانی تورك دەربارەی ئازادی رادەربرین و وادەی دادگاییەكان و پرسی دادپەروەری و لەنزیكەوە چاودێری لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بەو دۆسیەكەی گەندەڵی دەكەین."
هارف گوتی: "ئێمە بەدەر لەوەی پەیوەندیەكی نزیكمان لەگەڵ توركیا هەیە، هیج وتەیەكی ترم لەسەر ئەو بابەتە نیە و لە كاتی پێویست ئەو بابەتانە دەكەینە رۆژەڤ و قسەی تایبەتیان لەسەر دەكەین. ئەمە پرسێكی ناوخۆیی توركیایە بەردەوام دەبین لە چاودێریكردنی ئەو دۆخە، بەڵام ئەمە پرسێكە تایبەتە بە خۆیان."
هارف لە بەشیكی دیكەی گوتەكانیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی دادگا و سیستەمی دادوەری و كاتی دادگاییكردنەكان كرد لە توركیا و هیوای خواست كە ستانداردێكی باڵا پەیڕەو بكەن لە سیستەمی دادوەریدا.
لەوەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەنوسێكی توركدا دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن كە لەمانگی نیسانی رابردوو لە ئەمریكا پلانێك بۆ تێوەگلانی سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بە گەندەڵی دارێژراوە و بەو هۆیەوە حكومەتی توركی بڕوخێنن هارف تۆمەتانەی رەتكردەوە و بە بێ بنەما وەسفیكرد و راشیگەیاند كە لەمەڕ تۆمەت بەخشینەوە بە بەرپرسانی ئەمریكا نیگەرانیەكانمان گەیاندۆتە بەرپرسانی تورك.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی كە ئایا پەیوەندی ئێستای توركیا و ئەمریكا لە چ ئاستێكدایە ، هارف ئاماژەی بەوەدا كە توركیا وڵاتێكی ئەندامی ناتۆیە و لەسەر پرسی سوریا و چەند پرسێكی دیكەش بەهاوكاری یەكتر كار دەكەین.