لە ئاكامی هێرشێكی چەكدارانی تاڵیبان بۆ سەر بارەگای هێزەكانی ناتۆ و سوپای ئەفغانستان لە پارێزگای نانگرهاری رۆژئاوای ئەفغانستان، پێكدادان روویدا و لە ئاكامدا شەش چەكداری تاڵیبان كوژران.
گوتەبێژی پارێزگای نانگرهار ئەحمەد زیا عەبدولزایی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ژمارەیەك لە چەكدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان هێرشیان كردە سەر سوپای ئەفغانستان و هێزەكانی ناتۆ، لە ئاكامدا شەش لە چەككداران لەلایەن هێزەكانی ناتۆ و سوپای ئەفغانستانەوە كوژران."
عەبدولزایی هەروەها گوتی: "هیچ زیانێكی گیانی بەر سوپای ئەفغانستان و هێزەكانی ناتۆ نەكەوتوە، سەرەتا سەیارەیەكی مینرێژكراو كە خۆكوژێكی تێدا بوو، لەبەر دەرگای سەربازگەی شارۆچكەی گاین هێل تەقێنرایەوە، دواتر پێنج خۆكوژ هاتنە ژوورەوە و شەڕ و پێكدادان دەستیپێكرد كە نیو سەعات بەردەوامبوو ، لە ئاكامدا هێزەكانی ناتۆ و سوپای ئەفغانستان پێنج چەكدار و خۆكوژەكەیان كوشت."
گوتەبێژی تاڵیبان زەبیحولڵا موجاهید هێرشی شارۆچكەی گاین هێلی سەربە پارێزگای نانگرهاری گرتە ئەستۆی بزووتنەوەكەیان و گوتی: "لە هێرشێكی بوێرانە و سەركەوتووانەدا توانیمان چەندین سەربازی سوپای ئەفغانستان و بێگانە بكوژین."