ههولێر
ئەمڕۆ یەكشەممە لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی وەزیری نێوخۆی هەرێمی كوردستان، كەریم سنجاری و كونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان، ئەنگیس مەكی و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان و نوێنەری حكوومەتی عێراق دكتۆر حوسێن عەلی سەرۆكی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەكان لە وەزارەتی نێوخۆ كۆبوونەوەیەكیان سەبارەت بە پرۆژەی هاوبەش ئەنجامدا.
ئەو كۆبوونەوەیە بەناوی پرۆژەی هاوبەش لە نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێم ئەنجامدرا بە مەبەستی بەرزكردنەوەی تواناكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان كە تایبەتە بە پرسی ئاوارەكانی نێوخۆ لە عێراق، لەلایەن فەرمانگەی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی بەریتانی بوودجەی بۆ دابینكراوە، كە بڕكەی یەك ملیۆن پاوەندە.
دوای واژۆكردنی پرۆژەكە لەلایەن وەزیری نێوخۆی هەرێمی كوردستان و نوێنەری حكوومەتی عێراق و نەتەوە یەكگرتووەكان كە پرۆژەكەش لەلایەن رێكخراوی (UNDP) بەرێوەدەبرێت بۆ هاوكاری و ئاوارەكانی نێوخۆی عێراق كە بەشێكیان لە هەرێمی كوردستانن، بەرنامەكەش بەرزكردنەوەی توانای دامەزراوەكانە تایبەت بە هۆشیاری هاوكاری تری پزیشكی و خزمەتگوزاری و لایەنەكانی تری پێداویستی خەڵكی ئاوارەیە.
نوێنەری حكوومەتی عێراق، دكتۆر حوسێن عەلی رایگەیاند ئەم پرۆژەیە بۆ هاوكاری ئاوارەكانە بەداخەوە تا ئێستا ژمارەی ئەو ئاوارە و كەسانەی ماڵ و ژیانیان بەجێهێشتووە گەیشتوەتە سێ ملیۆن، بێگومان ئەوان هاوكاری و پاڵپشتیان دەوێت لەرووی خزمەتگوزاری تەندروستی و بەرزكردنەوەی ئاستی تواناكانیان.
گوتیشی: "سوپاسی نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتی بەریتانیا دەكەین بۆ دابینكردنی ئەو بوودجە و هاوكاریانە بێگومان عێراق پێویستی بەهاوكاری و هەمانگی هەیە لە ئاستی نێوخۆ و دەرەوەش".
هەروەها سەرۆكی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان، لە وەزارەتی نێوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هۆشەنگ محەمەد گوتی: "ئەو بڕە پارەیە كە نزیكەی ملیۆنێك پاوەندە بۆ بەرزردنەوەی توانا و لایەنەكانی تری خزمەتگوزاریە بۆ ئاوارەكان، پرۆژەكەش هاوكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقیش دەكات كە ئێستا هەردوولا رووبەڕووی قەیران بوونەتەوە".
گوتیشی: "سوپاسی بەریتانیا و فەرمانگەی هەماهەنگی ئەو وڵاتە دەكەین بۆ هاوكاری هەرێمی كوردستان و عێراق، بۆ ئاواەركان، هەروەها سوپاسی ئاژانسی (UNDP) دەكەین، بۆ ئەو ئەركەی لە ئەستۆیانگرت و هاوكاریان بۆ كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ توانا و بەرزكردنەوەی تواناكان هەروەها هەموولایەك دەزانێت قەیرانەكان زۆر گەورەن لە توانای ئێمەدا نییە رووبەڕوویان ببێنەوە پێویستی بەهاوكاری نێودەوڵەتی هەیە".
سەرۆكی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان كە سەربە وەزارەتی نێوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە باسی لەوەشكرد قەیرانەكان لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە قەیرانی كاتییەوە بوونەتە قەیرانی درێژخایەن، بۆیە ئێمە پێویستمان بەهاوكاری و پلانی درێژخایەن هەیە راستە هاوكاریمان كراوە، بەڵام پێویستمان بەهاوكاری زیاتر هەیە.
نوێنەری حكوومەتی عێراقیش حوسێن عەلی رایگەیاند: "حكوومەتی عێراق پەیوەستە بەوەی كە هەزار ملیار دینار بۆ ئاوارەكان دابین بكات, بێگومان دەبێت بۆ پرسی ئەو قەیرانە مرۆیی كە رووی لە وڵات كردووە هەردوو حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق هەماهەنگ بن و كاری هاوبەش بكەن بۆ ئاوارەكان چونكە ئەم پرسە پەیوەندی بەهەردوولامانەوە هەیە".
بەگوتەی سەرۆكی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان، لە حكوومەتی هەرێم. هەرێمی كوردستان، ملیۆن و نیو هاووڵاتی عێراقی وەك ئاوارە تێدایە ئەو رێژەیەش دابەشبوون بەسەر پارێزگاكانی هەولێر لە سەدا 36 و سلێمانی كەمتر هەروەها لە دهۆكدا لەسەدا 39 ئەو ئاوارانەی تێدایە كەروویان لەهەرێم كردووە.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان، ناوەندێكی تایبەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ وەڵامدانەوە و چارەسەركردن و بەڕێوەبردنی قەیرانەكان بەهەماهەنگی و هاوكاری دامەزراوەكانی پەیوەندیداری هەرێم و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانی ناحكوومی. كار لەسەر بەهاكانی بنەڕەت و پاراستنی دانیشتوانان و پاراستنی ئیشوكاری كۆمەڵگا و پرسەكانی مرۆیی دەكات.