هه‌ولێر
به‌ره‌به‌یانی رۆژی دووشه‌ممه كه‌سوكاری بێسه‌روشوێنانی شه‌ڕی ناوخۆ له به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان، گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییان بۆ ئاشكراكردن و چاره‌نووسی كه‌یسی كه‌سوكاریان ئه‌نجام دا.
ئامانج له گردبوونه‌وه‌ی كه‌سوكاری ئه‌و بێسه‌روشوێنانه ئه‌وه‌یه كه ده‌یانه‌وێ چاره‌نووسی كه‌سوكاریان بزانن، بۆیه تا ئێستا نزیكه‌ی حه‌وت جار له به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان، ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه.
كوڕی یه‌كێك له بێسه‌روشوێن بووانی شه‌ڕی ناوخۆ به‌شدار خورشید له به‌رده‌م په‌رله‌مانی كودستان، به په‌یامنێری ئانادۆڵوی راگه‌یاند "زیاد له حه‌وت جار ناڕه‌زاییمان ده‌ربڕیوه ئه‌م جاره‌یان جیاوازتره چونكه وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان كه‌ریم سنجاری به‌نووسراوێك په‌رله‌مانی كوردستانی ئاگادار كردوه‌ته‌وه كه بێسه‌روشوێن بووانی شه‌ڕی ناوخۆ له ژیاندا نه‌ماون".
گوتیشی "ئێمه كه‌سوكاری یه‌كێتین، 118 گیراوی یه‌كیتی دیار نییه، هی پارتی و ئیسلامیه‌كانیش دیارنین، چه‌ندین جار داوامان له سه‌ركردایه‌تی كورد كردووه بۆ ئاشكرا كردنی كه‌یسی كه‌سوكارمان ده‌نگمان ده‌گات پێیان به‌ڵام هیچمان ده‌ست نه‌كه‌وتووه".
گوتیشی "باوكم 19 ساڵه شوێن بزره، ده‌مانه‌وێ ئه‌مجاره‌یان ئه‌گه‌ر نه‌ماون حكوومه‌تی هه‌رێم گۆڕهكانیانمان بۆ ئاشكرا بكات".
كه‌سوكاری بێسه‌رشوێن بووانی شه‌ڕی ناوخۆ ژماره‌یه‌ك پیاو ژن و كوڕی گه‌نج بوون، به‌شی زۆری ئه‌و كه‌سانه باوك و هاوسه‌ر و كه‌سوكاریان له شه‌ڕی ناوخۆ شوێن بزر بوون.
ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌عید مه‌سیفی وێرای پشتگیری له داوای كه‌سوكاری بێسه‌روشوێن بووان بۆ ئانادۆڵو گوتی "پشتگیری له‌داوای كه‌سوكاری بێسه‌روشوێن بووانی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌كه‌ین، چه‌ند په‌رله‌مانتارێك داوامان كرد به‌نووسراوێك وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێم بێته په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی مافی مرۆڤ یان ئه‌ندامانی تری په‌رله‌مانی كوردستان دابنیشێت و روونكردنه‌وه له‌سه‌ر كه‌یسی ئه‌و كه‌سانه بدات".
گوتیشی "داخوازی كه‌سوكاری بێسه‌روشوێن بووان هه‌ر ئه‌وه نییه هه‌مان مافی شه‌هیدانی تریان هه‌بێت به‌ڵكو ده‌یانه‌وێ شوێنی كه‌سوكاریان له كوێیه".
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه به‌پێی ئاماره‌كان نزیكه‌ی 400 كه‌س دیارنین، له شه‌ڕی ناوخۆ به پشت به‌ستن به‌و داوكاری و یاداشتانه دراونه‌ته په‌رله‌مان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان.
شه‌ڕی ناخۆ له نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، له سه‌ره‌تاكانی 1994 تا كۆتاییه‌كانی ساڵی 1996 به‌رده‌وام بوو. به‌شێكی زۆر له‌و بێسهروشوێنكراوانهی كه ئێستا كه‌سوكاریان ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن له‌و شه‌ڕه‌دا دیار نه‌ماون.