Rewa Mahmood Hasan
23 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2020
هەڵەبجە - AA
لێپرسراوی کۆمیتەی رێکخستنی هەڵەبجەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سامان محەمەد سەعید رایگەیاند "لە کاتژمێر ١٠ و ٤٠ خولەکی شەو کۆمەڵێک خۆپیشاندەر دوای پەلاماردانی بینای قایمقامیەت، پەلاماری بارەگای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان دا و زیانیان بەر بارەگاکە گەیاندووە".
سامان محەمەد سەعید لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە پێشمەرگەکان و کادیرانی حزبەکەمان راگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک وەڵامیان نەبێت، بەڵام خۆپیشاندەران هاتنە ناو بارەگاکە و زیانێکی زۆریان لێداین و پێشمەرگەیەکمان بە سووکی بریندار بووە، بەڵام سوپاس بۆ خوا هیچ زیانێکی گیانی دیکە نەبووە".
گوتیشی: "هەر زوو خۆمان گەیشتینە سەر بارەگاکەمان و پێمان گوتن کە ئەو بارەگایە هی ئەوانە و وێنەی شەهیدانی تێدایە کە هەموو خزم و کەسوکاری خۆتانە".
بەگوتەی لێپرسراوی کۆمیتەی رێکخستنی هەڵەبجەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، شەوی رابردوو کۆمەڵە خەڵکێک کە ٨٠ بۆ ٩٠ کەس مەزەندە دەکرێت، هێرشیان کردووەتە سەر بارەگای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کەلوپەلی ناو بارەگاکەیان شکاندووە.
سامان محەمەد گوتیشی: "ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانمان هەمووی زیانی پێگەیشتووە و سکاڵامان تۆمار نەکردووە، ئێمە پاڵپشتی خواست و داواکاری خەڵکین، بەڵام سووتاندن و هێرش بۆسەر بارەگاکانی حکوومی و حزبی بە کارێکی تێکدەرانە دەزانین".
لێپرسراوی کۆمیتەی رێکخستنی هەڵەبجەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لەوەیش کردەوە کە هێزەکانی ئاسایش بە ئەرکی خۆیان هەڵساون، ئەوەندەی بارەگاکانی پارتی-یان پاراستووە، ئاگاداری بارەگاکانی یەکێتی نەبوون ئەو دەشڵێت "هێزەکانی ئاسایش فریای بارەگاکانی پارتی کەوتوون و بۆ بەڵگەیش ئەوەندەی ئێمە زیانمان بینیوە لە هێرشەکەدا، بارەگای پارتی ئەوەندە زیانی نەبووە".