Heman Hussein Yaseen
26 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 27 مای,س 2021
هەولێر – AA
رێکخراوی پەرلەمان-ی ئەڵمانی لە عێراق، پانێڵێکی بۆ پێکەوەژیان ئەنجامدا کە تیایدا چەندین کەسایەتیی لەسەر ئاستی عێراق بەشداربوون و گفتوگۆیان دەربارەی خاڵە بەهێزەکان کرد کە دەبێتە هۆی ئاشتی و پێکەوەژیان لە عێراق.
بەڕێوەبەری رێکخراوی پەرلەمانی ئەڵمانی لە عێراق، وەلید محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو پانێڵە تایبەتە بەو کەسانەی کە پلە بەرزن لەناو خێڵ و ناوچەکەیان و لە پێکهاتە ئایینی و نەتەوە جیاوازەکانن، بۆ ئەوەی بتوانن لە ناوچەکەی خۆیاندا ببنە هۆکارێک بۆ زیاتر پەرەپێدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی".
لە پانێڵەکەدا، کەسایەتی ئایینی موسڵمان، مەسیحی، ئێزدی و کاکەیی بەشداربوون، هەروەها نەتەوەکانی کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشووری و کلدانیی بەشداربوون و تیایدا باسیان لەو خاڵانە کرد کە دەبێتە هۆی یەکترقبوڵکردن و رەخساندنی زەمینە بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی لە ناوچە جیاوازەکان.
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، دکتۆر عەبدوڵڵا وەیسی کە بەشداری پانێكلە بوو، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "مەبەست لەم پانێلە ئەوەیە کە کەسایەتییە ئایینییەکان رابێنن بۆ چارەسەکردنی کێشەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، وەک دەزانین عێراق کۆمەڵێک کێشەی هەیە، لەگەڵ کێشە سیاسیی و ئابوورییەکان، هاوکات کێشەی عەشایەری و مەزهەبی و یەکترقبوڵنەکردن و جیاوازی بۆچوون لەنێوان پێکهاتەکان، هەورەها کێشەی نەتەوەیی، بۆیە ئەمڕۆ ژمارەیەک کەسایەتییە گرنگەکانی گۆڕەپانی عێراقی بەجیاوازی ئایینی و نەتەوەوە کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی قسە لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردن بکەین".
دکتۆر عەبدوڵڵا وەیسی گوتیشی: "خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستان ئەم کێشانە هەستی پێناکرێت، بەڵام دەکرێت وەکو کورد یارمەتیدەربین و بیرۆکەیان پێ بدەین، چونکە ئەوە سەلمێندراوە کە هەرێمی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوەکانە، هەڵبژاردنی هەولێر بۆ ئەنجامدانی ئەو دیدارە، ئەوە دەسەلمێنێت کە هەرێمی کوردستان شوێنێکی ئارامە و ئەوان بۆچوونی ئەرێنییان هەیە لەم بارەیەوە".
هاوکات قەشەیەکی مەسیحیی کە بەشداری پانێڵەکە بوو، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەرچی پێکەوەژیان هەیە، بەڵام دەمانەوێت پێداگری لەسەر ئەوە بکەین کە ئەم پێکەوەژیانە بەرەو پێشەوە ببەین.
قەشە ئیشایا داود فیلیپس، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە بەشدارین لەم دیدارە، ئەم دیدارە زۆر گرنگە، چونکە هەر کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدرێت، لێکتێگەیشتنێک لەدایک دەبێت، لەم دیدارەدا هەرکەس بۆچوونی خۆی لەسەر ئەوە دەدات کە چۆن عێراق بەرەو پێشەوە ببەین و ژیانێکی ئارام بۆ خەڵکی عێراق دابین بکرێت، هەرچەندە لەم دیدارەدا سەرۆک عەشیرەت و پیاوی ئایینی تیادایە و گرنگییەکەیشی لەوەیە کە ئەوانەی بەشدارن کاریگەرییان لەسەر ناوچەکەیان هەیە، وەک دەزانین پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە هەیە، بەڵام دەمانەوێت پێداگری لەسەر ئەوە بکەین کە ئەم پێکەوەژیانە بەرەو پێشەوە ببەین".
لەبارەی دەستنیشانکردنی خاڵی ناکۆکی نێوان نەتەوە و ئایینەکان، قەشە ئیشایا داود فیلیپس گوتی: "خاڵێکی جەوهەری نییە کە دیاریی بکەین، لەڕاستیددا هەموومان دروستکراوی خوداین، بەڵام کۆمەڵێک دەنگی نەشاز هەیە لەناو پێکهاتەکان ئەو دەنگانە زۆر جار دەبێتە هۆی هەڵگیرساندنی فیتنە، بۆیە لێرە هەموومان لێکتێگەیشتنەکانمان دەگوازینەوە بۆ ناو کۆمەڵگا بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر ئاشتی کۆمەڵایەتی و یەکترقبوڵکردن بڵاوبکەینەوە".
کەسایەتییەکی دیکەی ئێزدی کە بەشداری پانێڵەکە بوو، ئەوە دەخاتەڕوو کە ئامانجی دیدارەکە ئەوەیە کە شێوازی رەفتارکردن بگەیەنینە نێو خەڵک و هەر کەس کار لەسەر ناوچەکەی خۆی دەکات.
راوێژکاری ئەنجوومەنی رووخانی ئێزدی، دکتۆر کەریم سلێمان لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم دیدار و پانێڵەی ئەمڕۆ وەکو راهێنانێکە کە تیایدا نوێنەری ئایین و سەرۆک هۆزەکان بەشدارن بۆ ئەوەی چۆن بتوانین نیزاعەکان چارەسەر بکەین، بێگومان ئەوانەی لەم هۆڵەن نە سەرکردایەتین نە لە ئاستی خوارەوەن بەڵکو لە ناوەڕاستی کۆمەڵگان و دەنگیان دەگاتە سەرکردایەتی و دەتوانن روونکردنەوە لەبارەی دۆخی ئایین و کێشەکانیان بدەن، هەروەها دەتوانن بگەنە خەڵکی خوارەوەش بۆیە لێرە هەموو بەشدارن و قسە لەسەر پەرەپێدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و یەکترقبوڵ دەکەین".
دکتۆر کەریم سلێمان گوتیشی: "ئامانجەکانمان ئەوەیە، ئەم راهێنانە لەسەر شێوازی رەفتارکردن لەگەڵ خەڵکدا بە رێگای تایبەت بگەییەنەینە خەڵکی خۆمان بە دڵنیایییەوەش کاریگەری لەسەر پرۆسەکە دەبێت".
ئەو راوێژکارەی ئەنجوومەنی روخانی ئێزدی پێیوایە دەبێت لەگەڵ هەموو پێکهاتە و چین و توێژەکان یەکترناسینێک هەبێت و هەڵویستی پێشوەختە وەرنەگیرێت و ئاماژە بە بۆچوونی میوانەکانیش دەکات لەسەر هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە دەڵێت "بە بۆچوونی من، پێویستە ئێمە هەموومان یەکتر بناسین و بەبێ یەکترناسین هەڵوێستی پێشەوەختە نەنوێنین، بە دڵنیایییەوە ئەوانەی لێرەن، سەیری هەولێر دەکەن و دەبینین چۆن رێزیان لێ دەگیرێت و سەیری دۆخی پێکەوەژیان دەکەن و ئەوانە خاڵێکی بەهێزە کە بۆ ناوچەکەی خۆیانی باس دەکەن".