مووسڵ-AA
ئەوە راگەیەنرا کە لە ناوچەی مووسڵی کۆن خۆرئاوای شاری مووسڵ کە پێکدادانەکانی نێوان چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و یەکەکانی سەربە سوپا تێیدا درێژەی هەیە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، ٥٠٠ هاووڵاتیی سڤیل دەربازی دەرەوەی ناوچەکە کراون.
لە کاتێکدا کە رێکخراوە تیرۆریستییەکە کۆنترۆڵی چەند گەڕەکێکی ناوچەکەی لەدەستدا ماوە دەنگی تەقە بەردەوام دەبیسترێت، بە هۆی تەقینەوەکانیشەوە، جار جار دووکەڵ ئاسمان دەتەنێت.
هاوکات دانیشتوانی مووسڵی کۆن لە رێگەی تواناکانی خۆیان یان بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان، دەربازی ناوچە ئارامەکان دەکرێن. ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتا دەیان هەزار هاووڵاتیی لەو گەڕەکانەی داعشی لێماوە، لەناو ماڵەکانیاندا گیریان خواردووە.
ئەفسەر لە سوپای عێراق بە پلەی رائید، ئەحمەد هاشم لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆلو، ئاماژەی بەوەکرد کە هاووڵاتییانی سڤیل لە کاتی هەڵاتنیان لەو ناوچانەی کە بە دەست داعشەوەیە، مەترسی ئێجگار گەورە لەبەرچاو دەگرن و رایگەیاند ''لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە هەریەک لە گەڕەکەکانی مەیدان و فاروق، نزیکەی ٥٠٠ هاووڵاتیی سڤیل دەربازی ناوچە ئارامەکان کراون''.
ئەحمەد هاشم باسی لەوەکرد بە هۆی تەقەی قەناسبەدەستەکانی داعش، ئەو مین و تەقەمەنییانەی لەسەر رێگاکان چێنراون یان ئەو هێرشانەی فڕۆکە جەنگییەکان لە کاتی دەربازکردنی هاووڵاتییانی سڤیلدا ئەنجامدراون، ژمارەیەک لەو هاووڵاتییانە برینداربوون و ئاماژەی بەوەکرد کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمیری رابردوودا، ١٤٠ هاووڵاتیی بەو هۆیانە برینداربوون.
ئەو هاووڵاتییانەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشەوە رزگاریان بووە، ئەو ماوەیەی کە گیریان خواردووە بە ماوەی ژیان و مردن ناودەبەن و ئاماژە بەوە دەکەن بۆ ماوەی چەندین مانگ رۆژانە تەنها یەک ژەمیان خواردووە و بە دڵۆپ ئەو ئاوەیان داوەتە منداڵەکانیان کە بە شێوەیەکی سنووردار بەدەستیان هێناوە.
کاریگەرییەکانی بێ ئاوی و بێ خۆراکی بە روونی بەسەر ئەو هاووڵاتییانەوە کە لەو ناوچانەوە هەڵاتوون و بە تایبەت بەسەر منداڵ و بە تەمەنەکانیانەوە دیارە. ئەوان رەنگیان زەرد بووە، روومەت و ژێر چاویان چاڵ بووە.
- "منداڵەکەم لە برسان مرد"
عالییە ئەحمەد کە بە چوار منداڵەوە لە گەڕەکی فاروق هەڵاتوون، ئاماژەی بەوە دا کە رزگاربوونیشیان لەو ناوچەیە زۆر دڵخۆشی نەکردوون و، گوتی: "بەر لەوەی رزگارمان بێت عولای کچم کە تەمەنی ١٢ ساڵ بوو و خاوەن پێداویستی تایبەت بوو بە هۆی نەبوونی خۆراکی پێویست بە یەکجاری چاوەکانی لێکنا. منداڵەکەم لە برسان مرد".
عالییە ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە کە لە دەسپێکی ئۆپەراسیۆنی مووسڵەوە لەناو گەمارۆدا دەژیاین و گوتی: "تەواوی ئەو تەحین، دۆشاوە تەماتەی ماوەی سێ مانگ بوو عەمبارمان کردبوو بەرە بەرە خواردمان و خۆمان پێڕاگرت بەرامبەر مەرگ. ئاوی پاکمان دەست نەدەکەوت بۆ خواردنەوە. ناچاربووین ئاوی پیسی بیرەکان بخۆینەوە. لە ترسی ئەوەی نەبینە ئامانجی داعش لە ماڵ نەدەچووینە دەرەوە. لەو سەروەختەدا بوو کچەکەم کە پێویستی بە چاودێری تایبەت بوو گیانی لەدەستدا. ئەو رۆژانە زۆر ناخۆش بوون بڕۆن و نەیەنەوە، وەک مۆتەکە وابوون".
عالییە ئاماژەی بەوە دا کە تەرمی کچەکەیشی لەگەڵ خۆی هێناوە و، گوتی: "هەر کە گەیشتمە ماڵی خزمەکانمان بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ بە خاکی دەسپێرم. بۆ ئەوەی گەرمای بەتین و تاقەتپڕوکێن کاریگەری لە تەرمی کچەکەم نەکات لە باوەشم گرت".
دایکێکی دیکەی رزگاربوو کە کۆرپەلەکەی لە باوەشدابوو ئاماژەی بەوەدا بە هۆی نەبوونی خۆراکی پێویست منداڵەکەی زۆر لاواز بووە.
فادیە عیسا کە دوو برای لە ئاکامی هێرشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و هێزە ئاسمانییەکانی سوپای عێراق گیانیان لەدەستدا، ئاماژە بەوە دا ناچاربووە تەرمی براکانی لە حەوشەی ماڵەکەیان بەخاک بسپێرێت.
فادیە عیسا کە لە گەڕەکی مەیدان رایکردووە، ئاماژەی بەوەدا هەروەها باوکیشی برینداربووە و دواتر بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گوازراوەتەوە نەخۆشخانە، بەڵام هیچ زانیارییەکی نییە لە بارەی چارەنووسی باوکیەوە.
news_share_descriptionsubscription_contact

