04 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2019
ھەولێر - AA
ئێوارەی ئەمڕۆ لە رێوره‌سمێكدا بەئامادەبوونی وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی كوردستان، شۆڕش ئیسماعیل و کۆنسوڵی گشتیی شانشینی هۆڵەندا لەهەرێم، ویلیا‌م نیکۆلاس کۆزایین، یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ بەشداریی و پێکەوەیی لە "پرسی چاکسازیی"دا لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هۆڵەندا واژووکرا.
بە پێی راگەیەنراوێک كه له‌لایه‌ن وەزارەتی پێشمەرگەوه بڵاوكراوه‌ته‌وه، لەو رێوڕەسمەدا، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و ژمارەیەک ئەفسەری پلە باڵا ئامادەبوون، و وەزیری پێشمەرگە ئەو هەنگاوەی حکوومەتی هۆڵەندای بەگرنگ و کاریگەر ناوبردووه و ستایشی ئەرک و رۆڵی راوێژکاران و هێزەکانی هۆڵەندای لەمەشق و راهێنانی پێشمەرگە کردووه، لەرابردوودا.
هه‌ر به پێی راگهیهنراوهكه، بەر لە واژووکردنی یاداشته‌كه، کۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا دووپاتیکردووه‌تەوە کە بەپێی ناوەڕۆکی یاداشتەکە راوێژکاره سەربازیی و مەدەنییكانی وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیاش لە پڕۆسەی چاکسازییدا بەشداردەبن، راشیگه‌یاندووه: "لەرێگای ئەم هەوڵەوە رێگاکان کورت‌تر دەبنەوە و هەنگاوەکانیش سه‌باره‌ت به پڕۆسەی چاکسازیی خێراتر دەبن".
له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا تیشكی خراوه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ش كه لە کۆتایی رێوره‌سمه‌كه‌دا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان بەئاراستەی گەیشتن بەئامانجە سەرەکيیەکە کە پڕۆسەی چاکسازیی راستەقینەیە.