Hemin Hüseyin
24 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2018
هەولێر - AA
ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، کاروان هاشم رایگەیاند کە خاڵی هاوبەشی نێوان ئەوان و پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرە و ئاشکرایشی دەکات کە پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیازیکردووە کە بەهاوبەشی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پێکهاتەکان حکوومەت پێکبهێنێت، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان پێی باشە کە کۆمەڵی ئیسلامی-یش بەشداری حکوومەت بکات، پێشبینی ئەوەیش دەکات کە بە هۆی درێژەکێشانی گفتوگۆکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێدەچێت کابینەی نوێی حکوومەت بکەوێتە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجامی گفتوگۆکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، کاروان هاشم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای کۆبوونەوەمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی جڤاتی نیشتمانیدا گفتوگۆی ئەو بابەتانەمان کرد کە لەماوەی سێ خولی دانوستان لە نێوان ئێمە و پارتی روویاندا بوو، بەگشتی ئێمە لەسەر دووخاڵ لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان گفتوگۆ دەکەین، ئەگەر گەیشتین بە رێککەوتن ئەوا بێگومان بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەت دەکەین".
کاروان هاشم گوتیشی: "خاڵی یەکەمیان ئەوەیە کە بزانین کارنامەی حکوومەت چییە، چونکە پێمان وایە بەشێک لەو کارنامەیەی کە بزووتنەوەی گۆڕان هەیەتی بۆ چاکسازی، پێویستە لە کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا شوێنی بکرێتەوە، خاڵی دووەمیش بریتییە لە هاوبەشی راستەقینەیە لە حکوومەت کە ئێمە داوامانکردووە، بۆیە ئەگەر لەسەر ئەو دوو خاڵە رێکبکەوین ئەوا بەشداری حکوومەت دەکەین، ئەگەریش رێکنەکەوین ئەوا یەکێک لە ئەگەرەکان کە لەبەردەممان کراوەیە، بوون بە ئۆپۆزسیۆنە".
لەبارەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی نوێ، کاروان هاشم گوتی: "لەسەر بابەتی پۆستەکان قسەکراوە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان پێی باشە سەرەتا بابەتی هەر سێ سەرۆکایەتییەکان یەکلایی بکرێتەوە و دواتر لەسەر وەزارەتەکان قسە بکرێت. ئێمەش پێمان وایە کە دەبێت هەمووی یەک پاکێج بێت، چونکە ناکرێت هەر سێ سەرۆکایەتییەکە یەکلایی بکرێتەوە و لەسەر کارنامەکە رێکنەکەویت".
تا ئێستا سێ کۆبوونەوە لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچوو و لە کۆتا کۆبوونەوەشدا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا هەردوولا ئاماژەیان بەوەکرد کە پرۆسەی گفتوگۆکردن بەردەوامە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو خاڵە ھاوبەش و زۆرانەی لە روانگەی ھەردوو شاند ھەیە بۆ بەرنامەی کابینەی حکوومەت بە ئامانجی باشترکردنی بژێوی خەڵک و چاکسازی ریشەیی لە ھەموو بوارەکان.
سەبارەت بە خاڵە هاوبەش و ناکۆکەکانی نێوان هەردوولا، ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: "خاڵی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئێمە و پارتی دیموکراتی کوردستان دا زۆرە و ئێمە داوای چارەسەرکردنی خاڵی ناکۆکیمان کردووە، ئەویش بەشداریکردنی لایەنەکانە لە کابینەی نۆیەم، چونکە پارتی پێی وایە ئەو لایەنانەی بەشداری کابینەی نوێی حکوومەت دەکەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان-ە، ئێمەش پێمان باشە پارتی و یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی-یش بەشداری بکات هەروەها پێکهاتەکان، ئەمە یەکێکە لەو خاڵانەی کە گفتوگۆمان لەسەری کردووە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش پێیان گوتووین کە بیری لێ دەکەنەوە".
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ئەوان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان زووتر دەگەنە رێککەوتن و پێشبینی ئەوەش دەکات کە گفتوگۆی نێوان پارتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان درێژە بکێشێت و لەمبارەیەوە گوتی: "بەپێی ئەو دانیشتنانەی کە کردوومانە، پێدەچێت ئێمە و پارتی زوو بگەینە رێککەوتن، بەڵام پێناچێت کابینەی نۆیەم لە سەرەتای مانگی یەکی داهاتووش پێکبێت، چونکە ئێمە پێمان وایە گفتوگۆی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان درێژتر دەبێت لە گفتوگۆی نێوان پارتی و لایەنەکانی دیکە".
لەبارەی دەنگۆی هەبوونی رێککەوتنێک لە نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی بۆ بەشداریکردنیان لە کابینەی نوێی حكوومەت، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان کاروان هاشم گوتی: "هیچ رێککەوتنێک لە نێوان ئێمە و کۆمەڵی ئیسلامییدا نییە، ئێمە و کۆمەڵی ئیسلامیی دوو هێزی جیاوازین، بەڵام لە سەرەتای درووستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان و لە قۆناغی ئۆپۆزسیۆن و بەشداریمان لە حکوومەت، خاوەنی یەک پاکێج بووین و پڕۆژەی هاوبەشمان هەبوو، بەڵام زۆرجاریش خاڵی خراپ هەبووە، بۆ نموونە ئێمە لەم هەڵبژاردنەدا داوای دواخستنی پڕۆسەکەمان کرد و ئەوان سووربوون لەسەر ئەوەی لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەوە نابێتە خاڵی ناکۆک و پێمان باشە کۆمەڵی ئیسلامیی بەشدار بێت و ئەمەشمان بە پارتی گوتووە و ئەوانیش بیری لێ دەکەنەوە".
لە ھەڵبژاردنی مانگی ئەیلوولی رابردوو پارتی بە بەدەستھێنانی ٤٥ کورسی بووە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکە و گۆڕانیش بە بەدەستهێنانی ١٢ کورسی بووە سێیەم هێزی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە دوای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ٢١ کورسی بەدەست هێنا.
رۆژی سێی مانگی رابردوو، پارتی دیموکراتی کوردستان دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی رایگەیاند کە کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و بۆ پۆستی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش، مەسرور بارزانی دەبێت و دوای ئەوەش شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی بۆی لای لایەنەکان دەستپێکرد.