Zana Natık Kerem
10 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر ــ AA
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە فەڕەنسا بڕی یەک ملیۆن یۆرۆی بە ئامانجی پاڵپشتیکردن و یارمەتیدانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە تەرخانکردووە.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە راگەیەنراوێکدا خۆشحاڵی خۆی بەو پاڵپشتییەی فەڕەنسا بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق نیشاندا و رایگەیاندووە "خۆشحاڵیین کە فەڕەنسا بڕی یەک ملیۆن یۆرۆی بۆ پڕۆژەیەک تەرخانکردووە کە لەژێر سەرپەشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە ئامانجی پاڵپشتیکردن و یارمەتیدانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە دەبرێت".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەیشدراوە کە ئەو پاڵپشتییەی فەڕەنسا، دەبێتە ھۆی ئەوەی راوێژکار و شارەزەیانی بواری ھەڵبژاردنەکان سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری بکرێن کە ھاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە.
لای خۆیەوە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق، بۆرنۆ ئۆبێرت لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھەڵبژاردنی داھاتوو، دەرفەتێکە بۆ عێراقییەکان بۆ ئەوەی دەنگیان ببسترێت و ئەم ھەنگاوەیشمان ئەوە دەردەخات کە فەڕەنسا بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی عێراق.
پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داھاتووی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری کرد و بەلێنی ئەوەی دا کار بکات بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنێکی بێگەرد لەژێر سەرپەرشتی نیودەوڵەتییدا بەڕێوەبچێت.