Heman Hussein Yaseen
04 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە 4/12/2019 پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و تاوتوێی چەند پرسێک دەکات کە گرنگترینیان پێداچوونەوەیە بەیاسای بە خاوەنکردنی ئەو زەوییانەی لە سنووری شارەوانییەکان زێدەڕۆییان لەسەرکراوە.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق لە بانگهێشتنامەیەکدا داوای ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی کردووە بۆ دانیشتنی ژمارە ٨ی ساڵی یەکەم لە خولی پێنجەم.
بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە لە تەوەری یەکەمی کۆبونەوەکەدا دەنگدان لەسەر پێداچوونەوە بە چەند ماددە و بڕگەیەکی یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٩ یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی لە سنووری شارەوانییەکان زێدەڕۆییان لەسەرکراوە لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت کە بە بڕیاری ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠١٩ی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گەڕێندراوەتەوە بۆ پەرلەمان.
وەک لە کارنامەکەدا هاتووە لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای ماددەھۆشبەرەکان و کارتێکارە عەقڵییەکان لە ھەرێمی کوردستان-عێراق دەکرێت، بەپێی حوکمی بڕگەی چوارەمی ماددەی ٨٠ و مادەی ٨١ و بڕگەی یەکەم ی ماددەی ٨٣ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.
لە تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکەدا بیرۆکەی پەرلەمانتار لەنجە ئیبراهیم دزەیی پەیوەست بە بەرزڕاگرتنی رۆژی جیهانی قوربانییانی جینۆساید دەخرێتەڕوو، دواتریش لە تەوەری چواریەمی کۆبوونەوەکەدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای ریکلامی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان، دەکرێت.