بارزانی لەو پەیامە پیرۆزباییەدا کە وێنەیەکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە تێدا رایگەیاندووە: "جەژنی لەدایكبوونی ئەمساڵ و سەری ساڵی تازە لە كاتێكدایە، وڵاتەكەمان تووشی هێرشی دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆریستی بووەتەوە و ژمارەیەكی زۆری خەڵكی مەسیحی و ئایین و نەتەوەكانی دی ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە و ئاوارە بوونە. لێرەدا دەمەوێ بە تایبەت بە خوشك و برا مەسیحییەكانم ڕابگەیێنم كە مەسیحییەكان پێكهاتەیەكی ئازیز و ڕەسەنی ئەم وڵاتەن و لە ئێش و ئازار و كێشەكانیان دەگەم بەڵام لەوە دڵنیایان دەكەمەوە كە تیرۆر و توندڕەوی و وەحشیگەری هیچ ئاییندەیەكی نییە".
بارزانی دەشڵێت: "ئەوەتا دەبینین كە تیرۆریستانی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەكان تووشی شكستی زۆر گەورە هاتوون و زۆربەی ناوچەكان لەژێر دەستیان ئازاد كراون و ئەو ناوچە مەسیحینشینانەی هێشتا لەژێر دەستی تیرۆریستاندا ماون بە دڵنیاییەوە ئازاد دەكرێن. دەمانەوەێ خوشك و برا مەسیحییەكانمان بە سەربڵندی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو پەیامەی دا داوا لە خوشك و برا مەسیحییەكان دەكات بیر لە كۆچ و جێهێشتنی وڵات نەكەنەوە و هیوایان بەهێز بێت. و مانەوەی ئەوان شكاندنی مەرامی گڵاوی دوژمنانی مرۆڤایەتی و تیرۆریستانە.
هەروەها دەڵێ :"كوردستان وڵاتی هەموومانە و پێویستە ڕێز لە ئاسوودەیی و خواست و داواكاری و مافی خوشك و برا مەسیحییەكان بگیرێت. دەبێ پێكەوە بژیین و سەر لەنوێ وڵاتێكی پڕ لە ئاشتی و ئاسوودەیی بۆ هەمووان بنیات بنێنەوە".
لەکۆتاییدا بارزانی کۆتا پێهاتنی تیرۆریستان ئاماژە پێدەداو لە باریەوە دەڵێ: "هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ ئێوەی ئازیز و سەبر و تەحەمولتان هەبێ چونكە شكست و نەمانی هەوری تاریكی تیرۆریستان نزیكە".