نێوەڕۆکی ئەو داواكارییە کە لە ٤٢٩ لاپەڕە پێکھاتووە و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ١٤ی کانوونی یەکەمدا لەبارەی پێکھاتەی دەوڵەتی شاراوە و جەماعەتی گولەنەوە ئامادە کراوە، وردە وردە ئاشکرا دەبێت.
لەو داواكارییەدا کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەمنیەتیی ئیستانبوڵەوە ئامادە و رادەستی داواکاری گشتی کراوە ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو پێکھاتەیە بۆ بەدەستھێنانی دەوڵەت گوشار، ھەڵخەڵەتاندن، ھەڕەشە و چەندین رێبازی دیکەی بەکار ھێناوە و رێکخراوێکی تایبەتیشی بۆ ئەو مەبەستە دامەزراندووە.
ھەر لەو چوارچێوەیەدا ھەر یەک لە بەڕێوەبەری کەناڵی سامانیۆڵووی سەربە جەماعەتی گولەن، بەڕێوەبەری پێشووی بەشی دژە تیرۆری ئەمنیەتی ئیستانبوڵ و ئەفسەری ئەمنیەتی ئیستانبوڵ بە تاوانی دامەزراندنی رێکخراوی تیرۆریستی بەند کراون و ھەشت کەسی دیکەش ئازاد کران و لەو داواكارییەشدا ئاماژە بەوە کراوە کە خودی فەتحوڵڵا گولەن گومانباری ھەڵھاتووی ژمارە یەکە.