ھەولێر
ئێوارەی رۆژی دووشەمە ٢٣ی ئەیلول تۆڕی ھاوپەیمانێتی ناوخۆیی چاودێریکردنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە شاری ھەولێر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازکرد.
چیمەن ساڵح بەرپرسی دەزگای سمارت بۆ کاری میدیایی و پێشخستنی یاسا رایگەیاند "لەکاتی دەنگدان، تێبینیی چەند بەربەستَکمان لە جێبەجێکردنی رێکارییەکان و بوونی بانگەشە لەلایەن لایەنە سیاسییەکان لەناوەوە و دەرەوەی بنکەکان کرد، ھەروەھا چەندین حاڵەتی دەنگدانی بەکۆمەڵ و لەجێی کەسی تر ھەبووە".
چیمەن ھاوکات گوتی "سەرەڕای ھەموو تێبینییەکان، بەپشتبەستن بە زانیاریی چاودێرەکانمان، پرۆسەی دەنگدانی ٢١ی ئەیلول بەشێوازێکی رێکوپێک ئەنجامدراوە".
تۆڕێکی ھاوپەیمانێتی ناوخۆیی بۆ چاودێریکردنی ھەڵبژاردنەکانی کوردستان، بریتی بوون لە (تۆڕی نەوەی ئاشتی( رێکخراوی (گەشەپێدانی مەدەنیەت) دەزگای (SMART بۆ کاری میدیایی و پێشخستنی یاسا) بە نوێنەرایەتی ٥٦ رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی و ٦٢٨ ئەندام چاودێری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان کرد.
چاودێرانی ھاوپەیمانیەتەکە چاودێریی کردنەوەی دەرگاکانی بنکەکان و کۆتایھاتنی دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکانیان کرد لە نزیکەی %١٠ی گشتی وێستگەکانی دەنگدان، ھەروەھا ئەو چاودێرانە لەرووی لۆجستیەوە ، بە ١٩ تیمی گەڕۆک پاڵپشتیان کراوە.
تۆڕی ھاوپەیمانیەتەکە بەپشتبەستن بە بەرنامەی "PVT" دەرئەنجامی پێشبینی کراوی ھەڵبژاردنەکانی گشتی بەم شێوەیە خستۆتەڕوو.
پارتی دیموکراتی کوردستان: ٣٧.٤.%
بزووتنەوەی گۆڕان ٢٤.٧%
یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان ١٦.٦%
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ٩.٨%
کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ٦.١%
بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان ١.٢%
لیست و قەوارەکانی تر ٤.٢%
زۆرترین رێژەی ھەڵە ٣.٢% بووە، دڵنیابوون ٩٥%