Betül Yürük
27 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 28 ئەیلوول 2019
نیویۆرک - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا رایگەیاند: "ئەو خاڵەی لە ئێستادا پێیگەیشتووین لەئاست خواست و چاوەڕوانی ئێمەدا نییە، ئەمەشمان بە ئاشکرا بە ئەمریکییەکان گوتووە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە ٧٤ھەمین کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکە، لەبارەی چەند پرسێکەوە دوا و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
چاوشئۆغڵو باسی لە دروستکردنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا کرد و گوتی: "ئامانجی بنەڕەتی ئێمە لێرەدا بریتییە لە دەرچوون و پاککردنەوەی ئەو ناوچەیە لە تیرۆریستان. ئەمریکا لەمباریەوە بەڵێنێکی ھەیە پێویستە ئەو بەڵێنە جێبەجێ بکات. لەگەڵ دەرچوونی تیرۆریستان ناوچەی ئارام دروسست دەکرێت و ئەو یەکە ئەمنی و بەرپرسی خۆجێیانەی کە لە ناوچەکەدا ئەرک دەگرنە ئەستۆ، ئێمە لەگەڵ ئەمریکا، ھێزە خۆجێیەکان و خەڵکی ناوچەکە کاردەکەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەگەڵ یەپەگە/پەکەکە/پەیەدە کار ناکەین. لە دوای دروستکردنی ناوچەی ئارام، پێویستە ھاوکاری ئەو کەسانەش بکەین کە دەیانەوێ بگەڕێنەوە ناوچەکە. سەرکۆماری بەڕێزمان لێرە( لە نەتەوە یەکگرتووەکان) و پێش ئێستاش لە کۆبوونەوە دووقۆڵییەکان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی رۆژئاوا و نوێنەرانی وڵاتانی دیکە پلان و بۆچوونەکانی تورکیای راگەیاندووە. بنەمای سەرەکی بۆ گەڕانەوەی ئەو خەڵکە ئەوەیە کە دەبێ ئەو ناوچەیە ئارام بێت. بە یەپەگە/پەکەکە ئەم ناوچەیە ئارام نابێت. پێویستە بە تەواوی پاکبکرێتەوە. لەلایەکی دیکەش پێویستە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ئەو خەڵکە دەستەبەر بکەین. بۆ ئەمەش ھەموو کەسێک بەرپرسیاریەتی لەسەرە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەشی راگەیاند کە ئەو وڵاتەی خوازیاری ھاتنی پەنابەران ناکات و پێویستە لە ھەمووان زیاتر بەشداربێت و ھاوکاری پێشکەش بکات.
راشیگەیاند کە پلانی ئەوەیان ھەیە گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەکە لەسەر بنەمای خواستی خەڵکەکە بێت و لە ئێستاشدا لەگەڵ ئەمریکا پێکەوە ئەم قۆناغە بەڕێوە دەبەن.
لەبارەی لێدوانەکانی نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، جەیمس جیفری بەوەی کە رایگەیاندبوو "لەبارەی ناوچەی ئارام گفتوگۆیەکی قوڵی دیاریکراومان لەگەڵ تورکیا ئەنجام نەداوە" چاوشئۆغڵو گوتی: "بە دڵنیاییەوە لێرەدا بە تایبەتی لەبارەی قوڵایی (ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا)، بۆچوونی جیاواز لە ئەمریکا لە ئارادایە. ئەوەی ترەمپ گوتی ٢٠ میل بوو. لەو دانوستانەی کە ئێمەش لەگەڵ ئەمریکا کردوومانە، پێکھێنانی ناوچەیەکی ئارامە بە قوڵای ٢٠ میل. ئەمەش دەگاتە ٣٠ کیلۆمەتر. بۆیە راست نییە کە دەڵێت لەبارەی قوڵایی گفتوگۆمان نەکردووە. واتا بە باشی گوێیان بۆ ئەو شتانە نەگرتووە کە ئێمە گوتوومانە. تەنھا ئەجێندای خۆیان لە رۆژەڤ دەھێڵنەوە. لەبارەی ناوچەی ئارام ھەر لەسەرەتا ئێمە ئەوەمان گوتووە و رێنمایی سەرکۆمارمان ئەوە بووە. ٣٠ کیلۆمەتر".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی تاوانی کوشتنی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی کە لەناو باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئەنقەرە کوژرا، گوتی: "قبوڵکردنی بەرپرسیاریەتی لەمبارەیەوە لە لایەن شازادەی جێنشین(ی سعوودیە)وە گرنگە، بەڵام پێویستە ئەم بەرپرسیاریەتییە بەجێ بگەیەنرێت".