Heman Hussein Yaseen
03 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2021
هەولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە فەرمی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی پارێزگار کردەوە بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت خۆیان بۆ پارێزگار کاندید بکەن و دوا وادەش بۆ وەرگرتنی سیڤییەکان شەشی ئەم مانگەیە.
ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر لە نووسراوێکدا بە ژمارە ٢٣٥ ئاماژەی بەوەکردووە کە پالێوراو بۆ پۆستی پارێزگاری ھەولێر دەبێت بڕوانامەی زانکۆی ھەبێت، ھاوکات دەبێت مەرجانەکانی دیکەیش کە پێویستن بۆ بوون بە پارێزگاری تیادا بێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ئومێد خۆشناو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە کاندیدبوونی بۆ پۆستی پارێزگاری ھەولێر یەکلاییبووەتەوە و ئەمڕۆش رێکارە یاساییەکان دەست پێدەکات و سیڤی خۆی پێشکەش بە ئەنجوومەنی پارێزگا دەکات.
رۆژی ١٨ی تشرینی دووەم پارێزگاری ھەولێر، فەرسەت سۆفی دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە تەمەنی ٤٢ ساڵییدا کۆچی دوایی کرد و تا ئێستاش پۆستەکە لەلایەن جێگری پارێزگار، ھێمن قادر بەوەکالەت بەڕێوەدەبردرێت.