هه‌ولێر
سه‌لاح ده‌لۆ، به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری کەرکوک ئه‌مڕۆ یهکشەممه بۆ ئاژنسی ئانادۆڵو رایگەیاند: پاش چه‌ند كۆبوونه‌وه له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌کانی كورد، بڕیاریاندا له پارێزگای كه‌ركوك به یه‌ك لیست به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بكه‌ن.
وا بڕیارە رۆژی ٢٠١٤/٤/٣١ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێ.
ده‌لۆ زیاتر گوتی: "ئه‌م هه‌ڵبژاردنه بۆ ئێمه‌ی كورد چاره‌نووسسازه. هه‌ربۆیه ده‌مانه‌وێ له‌شاری كه‌ركوك به قورسایی زیاتر به‌شداری له هه‌ڵبژاردن بكه‌ین."
له‌باره‌ی ناوچه دابڕاوەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان، سه‌لاح ده‌لۆ رایگەیاند: بڕیارێك هه‌یه تا حزبه كوردییه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق بكه‌ن.
دهلۆگوتی: "ناوی لیستەکەمان له‌سنووری پارێزگای كه‌ركوك لیستی كوردستانی كه‌ركوكه. ئه‌وه‌ی زانراوه حزبه كوردییه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، پێیان باشه به‌یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن. به‌ڵام له ناوه‌وه‌ی هه‌رێم چاوه‌ڕوان ده‌كرێ هه‌رسێ هێزه سه‌ره‌كییه‌كه پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشیتمانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌جیا به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن."