هەولێر
بەپێی راگەیاندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم مەسرور بارزانی و وەزیری پێشمەرگە مستەفا سەید قادر و وەزیری ناوخۆ كەریم شنگالی ئامادەبوونە.
سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا جەختی لەوەكردووەتەوە كە هێزە هاوپەیمانەكان بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و مەشقپێكردنیان، هەروەها وەشاندنی گورزی ئاسمانیی لە چەکدارانی داعش لەهەر شوێنێك كە پێویست بكات.
دێمپسی دووپاتیكردووەتەوە کە ئامانجی سەردانەكەی بۆ هەولێر لە نزیكەوە ئاگاداربوونە لە بارودۆخی مەیدانی.
لە بەرامبەردا سەرۆكی هەرێمی کوردستان تیشكی خستووەتە سەر بارودۆخی مەیدانی بەرەكانی رووبەڕووبوونەوەی داعش و ئاماژەی بەوەکردووە کە سەرباری ئەوەی هێزی پێشمەرگە ئابڵۆقەی لەسەربووە، بە ئیمكانیاتێكی كەم توانی هێرشی "رێكخراوێكی تیرۆریستی" رابگرێت كە چەكی پێشكەوتوو و ئیمكانیاتی دوو دەوڵەتی كەوتبووە دەست. وەک لە راگەیاندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمدا هاتووە.
بارزانی دوپاتیکردووەتەوە كە "هەموو قوربانییەك دەدەین بۆ ئەوەی تیرۆریستان لە وڵاتی خۆمان وەدەربنێین و هەموو بستێكی كوردستان لە چنگی تیرۆریستان ئازاد دەكەین."
لە درێژەی قسەكانیدا بارزانی ئاماژەی بەوەکردووە کە "شەڕی تیرۆر" تەنیا رەهەندی سەربازیی نییە، بەڵكو پێویستە لە رووی فكری و سیاسی و ئابووریشەوە رووبەڕوویان ببنەوە.