ھەولێر
ئەمڕۆ بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، رۆژێکی جیاواز بوو سەرەتای قۆناغێک کە پێدەچێ زۆر لە ھاوکێشە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بگۆڕێ، ئەمڕۆ دەستیپێکرد.
سەرەتا دیداری مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا لە پیرمام(٢٥ کیلۆمەتر لە باکووری رۆژھەڵاتی شاری ھەولێر) دیدارێک کە ھیچ رێورەسمێکی دیپلۆماسییانەی پێوە دیار نەبوو، نەوشیروان مستەفا لەشاری سلێمانییەوە بە دوو ئوتۆمبیل بەڕێکەوتبوو لەگەڵ چەند پاسەوانێکی کەم. ھیچ لایان شاندی ھاوڕێیان نەبوو.
میدیاکانی جیا لەچەند کەناڵێکی کەمی ھەردوو حزب، بێ بەشبوون لە بەشدارییکردنی ئەو دیدارە کە بەبۆچوونی چاودێرانی سیاسی گرنگی زۆری ھەیە بۆ ئەم قۆناغەی ھەرێمی کوردستان.
پێچەوانەی زۆربەی جارانی، نەوشیروان مستەفا ئەمجارە بەچاکەت و پانتۆڵەوە سەردانی ھەولێرو پیرمامی کرد. پێشتر بەجلوبەرگی کوردیی سەردانی بارزانی کرد لەشاری ھەولێرو سلێمانی.
دوای گەڕانەوەی لە پیرمام، نەوشیروان مستەفا سەردانی نێچیرڤان بارزانی کرد لە شاری ھەولێر، لەو دەرفەتە کەمەی بەڕۆژنامەنووسان درا نەوشیروان مستەفا و نێچیرڤان بارزانی باسی رێگاوبانیانکرد.
نێچیرڤان پرسی: لە پیرمامەوە زوو گەیشتن، خۆ ماندوو نەبوون؟ نەوشیروان مستەفا بەو جۆرە بەرسڤی دایەوە: ماندوو نەبووین، رێگاوبانەکان باشبوون.
پەیامنێری ئانادۆڵو سەرنجی داوە نەوشیروان مستەفا زیاتر لەجاران دەم بەپێکەنین و روو خۆش دەرکەوتووە.
ھەرچەندە دیدارەکانی ئەمڕۆی نێوان نەوشیروان مستەفاو بارزانییەکان ھیچ زانیارییەکیان لەبارەوە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێشبینی دەکەن ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە ھەرێمی کوردستان، چونکە دوو ھێزی ناکۆک کە ئێستا براوەی یەکەم و دووەمی ھەڵبژاردنن، بەستەڵەکی نێوانیان بەرەو توانەوە دەچێ و زەمینەی گفتوگۆو دانوستانەکانی زۆر بەزوویی رەخسێنراوە.