ھەولێر
ئەمڕۆ لە ھەولێر گرێبەستێک بۆ دابینکردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەی کارەبای دھۆک ئیمزا کرا.
ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر سەرۆکوەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ کۆمپانیای (دی ئین ئۆ)ی نەرویجی، گرێبەستێکی بۆ دابینکردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەی کارەبای دھۆک لە کێڵگەی غازی سومەیل ئیمزا کرد.
دواتر نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەم گرێبەستە زۆر گرنگە و بەشێکە لە سیاسەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دەبێتە مایەی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتێکی زۆر، چونکە تێچووی ھاوردەکردنی دیزەڵ زۆر بوو، سودێکی باشیشی بۆ ژینگەی کوردستان دەبێ.بارزانی گوتی، سەرەتا رۆژانە نزیکەی ١٠٠ ملیون سێجا سوتەمەنی رەوانەی وێستگەی دھۆک دەکرێ، ئەمەیش بڕێکی گونجاوە بۆ چوار وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبا.
لەبارەی بۆریی گواستنەوەی سوتەمەنیش بۆ ئەو وێستگانە گوتی" لە سومەیلەوە تا دھۆک بە درێژایی ٥٠ کیلۆمەتر بۆرییەک راکێشراوە و لە داھاتوویەکی نزیکدا دەکەوێتە کار".
ھەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشتی ھەورامیش گوتی"ھەوڵ دەدەین تا سێ ساڵی داھاتوو سوتەمەنی بۆ سەرجەم وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبای کوردستان دابین بکەین".