سلێمانی
خۆپیشاندانەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لەشارۆچکەی (عەربەت) لەباشووری خۆرھەڵاتی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، دەیان ئەندامی (ڕێکخراوی ھیوای کەمئەندامان) لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی ڕێگرییان کرد لە ھاتوچۆی ئەو تەنکەرانەی سوتەمەنییان بۆ پاڵاوگەیەکی ناوچەکە دەگواستەوە.
ئاری محەمەد، گوتەبێژی ڕێکخراوی ھیوای کەمئەندامان لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو AA ئامانجی گردبوونەوەکەیانی روونکردەوەو گوتی" تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ جار سەردانی بەرپرسانی باڵای حکومەتمان کردووەو داواکاریی خۆمان خستووەتەڕوو، بەڵام داواکانمان بەھەند وەرناگیرێن، ئێمە ئیتر باوەڕمان بەبەڵێنی بەرپرسان نەماوە بۆیە ھاتوینەتە بەردەم ئەم پاڵاوگەیەو ڕێگەمان لەھاتوچۆی تەنکەرەکان گرتووە، پێمان وایە ئەو ئەو پارەیەی بۆ داواکاریی ئێمە دابینکراوە لەناو ئەو تانکەرانەدایە، بڕیارە پاڵاوگەکانی دیکە دابخەین".
خۆپیشاندەران یاداشتێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانکرد بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت (حاکم ھۆشیار عەلی) یاداشتی خۆپیشاندەرانی وەرگرت و بەڵێنیدا بیگەیەنێتە لایەنی بەرپرس.
داواکاریی خۆپیشاندەران:
- خەرجکردنی زیادەی مووچەی کەمئەندامان کە ١٨ مانگەو بڕیاری لێدراوە.
- پێدانی پێنج ملیار دینار کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لەبودجەی گشتی ھەرێم بۆ ساڵی ٢٠١٣ بریاری لەسەر دراوە تا وەکو مینحە بدرێتەکەمئەندامان.
- خەرجکردنی موچەی ھەشت مانگی ئەو کەم ئەندامانەی بەھۆی لیژنەی پشکنینەوە بڕاوە.
- خەرجکردنی سولفەی ھاوسەرگیریی کەبڕیاری لەسەردراوەو تائێستا جێبەجێ نەکراوە.
- ناردنی پرۆژە یاسای ئامادەکراوی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان و ھەموارکردنەوەی.