نەتەوە یەكگرتووەكان
سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بان كی مۆن گفتوگۆی كرد.
بەپێی سەرچاوەیەكی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، بابەتەكانی وەك بەرەنگاری تیرۆر، پەنابەرانی سوری، ناوچەی قەدەغەكراو لە فڕین، پرسی قوبرس، غەززە، ئۆكراینا، ھاوكاریی مرۆیی بۆ سۆمالیا، هاوپەیمانی شارستانییەتەكان، گۆڕانكاری كەشوھەوا، نەخۆشی ئێبۆڵا لە تەوەرە سەرەكییەكانی گفتوگۆی نێوان سكرتێری نەتەوەیەكگرتووەكان و سەرۆك كۆماری توركیا بووە.
سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، سەبارەت بە رزگاركردنی ھاوڵاتییانی توركیا كە لە موسڵ بە بارمتە گیرابوون، پیرۆزبایی لە توركیا كرد. سەركۆمار ئەردۆغانیش لە وەڵامدا جەختی لەوە كردەوە كە دەزگای ھەواڵگری توركیا (میت) لەو پڕۆسەیەدا بە شێوەیەكی سەركەوتو جولاوەتەوە و ئەنجامی باش وەرگرتووە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا، ئامانجیانە ئیستەنبوڵ بكەنە ناوەندێكی ناوچەیی بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان و بۆ پشتگری كردنی لەم بابەتە سوپاسیی خۆی ئاراستەی بان كی مۆن كرد.
سەركۆماری توركیا سەبارەت بە بابەتی بەرەنگاری تیرۆری جەختی لەوەكردەوە، پێویستە لە چوارچێوەی یەك گۆڕەپانی كاركردن ھەڵسەنگاندن بۆ عێراق و سوریا بكرێت وپێویستە سەرچاوەی بەهێزكردنی تیرۆر وشك بكرێت.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش كرد، تێچووی توركیا بۆ پەنابەرانی سوریا گەیشتووە سێ ملیار و نیو (دۆلار) و بۆ كۆتایی پێھێنانی ئەو تراژیدیایە پێویستە ناوچەیەكی قەدەغە كراو بۆ فڕین پێكبھێنرێت.
بان كی مۆن ھەروەھا باسی لە پرسی قوبرس كرد ئاماژەی بەوەدا كە لە پەیوەندی لەگەڵ كێشەكانی نێوانیان لەگەڵ سەرۆكی قوبرس (بەشی ڕۆم) نیكۆس ئاناستاسیادێس قسەیكردووە. ئەردۆغانیش لە وەڵامدا جەختی لە پێویستی بە پەلەی چارەسەری كێشەكان كردەوە.